دەستبەسەرکردنی توندوتیژانەی دوو شارۆمەند لە کامێران

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی، «ئیسماعیل خاتری»، تەمەن ٤٠ ساڵ، خێزاندار و باوکی سێ منداڵ، خەڵکی گوندی «شاینی»ی سەر بە شاری کامێران و نیشتەجێی پاوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە چوارڕێی «تۆبڕەڕێژ»ی شاری کامێران دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزراوە.

لەسەر بنەمای زانیارییە گەیشتووەکان، هێزە ئەمنییەکان بەیانیی هەمان ڕۆژ بە جلی مەدەنی و بەبێ نواندنی حوکمی دادگا، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی باوکی ئەم هاووڵاتییە لە گوندی شاینی و دوای پشکنینی تەواوی ماڵەکە و باخی بنەماڵەکە، ئێوارەی هەمان ڕۆژ ئیسماعیل خاترییان بە پەنابردن بۆ توندوتیژی و بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکان» دەستبەسەر کردووە.

لە درێژەی ئەم هەنگاوانەدا، ڕۆژی شەممە ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٥، «فوئاد شادی»، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی شاینی و نیشتەجێی کامێران، ئەویش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی کامێران ڕاگوێزراوە. بە گوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ناوبراو یەکێک لە هاوکارانی ئیسماعیل خاتری بووە لە دامەزراوەی خێرخوازیی «شاینی».

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکان هیچ جۆرە زانیارییەکیان دەربارەی هۆکاری وردی دەستبەسەرکردن، دۆخی ڕاگرتن و پرۆسەی دۆسیەی ئەم دوو هاووڵاتییە بڵاو نەکردووەتەوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین