گیانلەدەستدانی گوماناوی ژنێک لە یەکێک لە هوتێلەکانی سەقز

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، تەرمی ژنێکی خەلکی سەقز بە ناوی کشوەر (شیرین) گوڵ محەمەدی، لە یەکێک لە هوتێلەکانی ئەم شارە دۆزراوەتەوە.

بەپێی زانیارییە پشتڕاست کراوەکان، ئەم ژنە پێش مردنی لەگەڵ هاوسەرەکەی کێشەی خێزانییان بووە. هەروەها هەندێک سەرچاوەی باس لە ئەگەری کوژرانی دەکەن، بەڵام ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا تا ئێستا نەیتوانیوە ئەم بابەتە بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست بکاتەوە هەر بۆیە تا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەنجامی لێکۆڵینەوە فەرمییەکان، ئەم ڕووداوە وەک گیانلەدەستدانی گوماناوی تۆمار دەکات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە هانا گەیشتووە، تا ئێستا هیچکام لە دەزگا پەیوەندیدارەکان زانیارییەکی فەرمییان لەبارەی هۆکار، چۆنیەتی مردنی کشوەر (شیرین) گوڵ محەمەدی بڵاونەکردووەتەوە. بە گوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، بەرپرسان تەنیا ڕایانگەیاندووە کە بۆ دیاریکردنی هۆکاری مردن، چاوەڕوانی ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەریی دەکەن.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، هاوکات لەگەڵ دەربڕینی هاوخەمی بۆ بنەماڵە و کەسوکاری کشوەر (شیرین) گوڵ محەمەدی، جەخت دەکاتەوە پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی خێرا، گشتگیر، سەربەخۆ، بێلایەن و کاریگەر ئەنجام بدرێت.

هانا داوا لە دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکات هەموو لایەنەکانی ئەم ڕووداوە، لەوانەش ئەگەری کوشتن، لەگەڵ پاراستنی هەموو بەڵگەکان و ڕەچاوکردنی بنەماکانی دادپەروەری، بە وردی لێکۆڵینەوەیان لە سەر بکرێن. ئاشکراکردنی ڕاستی، ڕوونکردنەوە بۆ بنەماڵە و ڕای گشتی، و ناساندن و بەرپرسیارکردنی تاوانبار یان تاوانباران، لە ئەگەری ڕوودانی تاواندا، لە پێداویستییە سەرەکییەکانی دادپەروەری و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ نەبوونی سزا بۆ تاوانبارانن.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین