بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئێوارەی دووشەممە ١٥ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی (٦ی ژوئیەی ٢٠٢٦)، «سیروان خۆشنەمەک»، تەمەن ١٨ ساڵ خەڵکی ئاوایی دووماڵەی سەر بە شاری مەریوان، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنووری کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرزایییەکانی «وێسە» گیانی لەدەست داوە.
بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی لەلایەن هاناوە پشتڕاست کراونەتەوە، سیروان خۆشنەمەک لە کاتی کۆڵبەری لە ڕێڕەوە سنوورییەکاندا کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنوور. سەرچاوە ئاگادارەکان بە هانایان ڕاگەیاند کە هێزەکانی پاسەوانی سنوور بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و لە مەودایەکی نزیکەوە تەقەیان لەو شارۆمەندە کردووە.
ئەم کۆڵبەرە لاوە بەهۆی قورسی برینەکانیەوە و لە ئەنجامی بەرکەوتنی فیشەک دەستبەجێ گیانی لە دەستداوە.
ئەمە دووەم حاڵەتی کوژرانی کۆڵبەرانە بەهۆی تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا. پێشتریش لە بەرەبەیانی هەینی ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٥، «وەزیر ڕەحیمی»، تەمەن ٥٧ ساڵ، خێزاندار و باوکی پێنج منداڵ، خەڵکی ئاوایی مەنسورئاقایی سەر بە ناوچەی شاهۆی شاری ڕوانسەر، لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنوور کوژرابوو.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی سیروان خۆشنەمەک، بەردەوامی بەکارهێنانی چەک لە دژی کۆڵبەران بە پێچەوانەی بنەماکانی زەروورەت و گونجان لە بەکارهێنانی هێزدا دەزانێت و جەخت لەسەر بەرپرسیارێتی ناوەندە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ، بێلایەنانە و کاریگەر دەربارەی ئەم تەقەکردنە دەکاتەوە. هانا هەروەها داوای لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەم ڕووداوە، قەرەبووکردنەوەی بنەماڵەی قوربانییەکە و گرتنەبەری ڕێکاری کردەیی بۆ کۆتاییهێنان بە بەکارهێنانی هێزی کوشندە دژی کۆڵبەران دەکات؛ ئەو کەسانەی کە بەهۆی نەبوونی هەلی کار و دۆخی سەختی ئابوورییەوە، ناچار بە کارکردن لە ناوچە سنوورییەکان بوون.
