کوژرانی سەید سیاوەش ئەلەک و برینداربوونی چوار کەس لە مەهاباد لە دوای هێرشی جاشەکان

بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئێوارەی چوارشەممە ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٥، لە تێکهەڵچوونێک لەنێوان ژمارەیەک لە جاشەکان و چەند لاوێکی مەهاباد، لاوێک بە ناوی سەید سیاوەش ئەلەک گیانی لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش بە توندی بریندار بوون.

بەپێی زانیارییەکان، ئەم ڕووداوە لە نزیکی لقێکی بانکی تیجارەت لە مەهاباد ڕوویداوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێرشبەران بە چەکی سارد هێرشیان کردووەتە سەر ئەو لاوانە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی و جامانە، یەکێک بووە لە هۆکارە باسکراوەکان بۆ دەستپێکردنی ئەم تێکهەڵچوونە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هێشتا بەدوای پشتڕاستکردنەوەی هۆکار، ڕەهەند و وردەکارییەکانی ئەم ڕووداوەدایە.

لە دوای ئەم ڕووداوە، ژمارەیەک لە هاووڵاتیان لە بەردەم نەخۆشخانەی مەهاباد کۆبوونەوە. هەروەها، بەپێی زانیارییەکانی هانا ، تەرمی سەید سیاوەش ئەلەک دوای بانگهێشتکردنی ئەندامانی بنەماڵەکەی و وەرگرتنی بەڵێن لێیان لە ژێر فشاری ئەمنی، ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوە. ڕاپۆرتەکان هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن کە، سەرەڕای ئامادەبوونی هێزە ئەمنییەکان و سنووردارکردنی هاتووچۆ لە هەندێک شەقامی شار، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی سەید سیاوەش ئەلەک، بە بەشداریی بەرفراوانی هاووڵاتیان بەڕێوە چووە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین