ڕاپۆرتی هانا سەبارەت بە ڕوودانی چەندین تێکهەڵچوونی چەکدارانە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان

بەپێی ئەو زانیاری و ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە
ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین تێکهەڵچوونی چەکدارانە لە ناوچە جیاجیاکانی
کوردستان لە نێوان هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کەسان یان گرووپە چەکدارە
نەیارەکاندا ڕوویان داوە. بەردەوامیی ئەم ڕووداوانە لە کەشێکی تەواو ئەمنی کە بەسەر
ناوچە کوردنشینەکاندا زاڵە، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە لێکەوتە مرۆیییەکانی ئەم
شەڕانە، بەتایبەت بۆ خەڵکی مەدەنیی نیشتەجێی ناوچە سنوورییەکان، زیاد کردووە.

لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی ژوئینی
٢٠٢٦، دوو ئەندامی سەر بە ناوەندە ئەمنی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە
ناوەکانی “خالید خالیدی” و “بورهان کریسانی” لە گەڕەکی میرئاوای شاری پاوە لە
پارێزگای کرماشان، لە کاتی هێرشێکی چەکدارانەدا کوژران. هەروەها بەپێی
زانیارییەکان، “سیرووس دەروێشی” لەم هێرشەدا بریندار بووە. بەپێی ئەو زانیارییانەی
لە سەرچاوە خۆجێیییەکانەوە بڵاو کراونەتەوە، خالید خالیدی یەکێک لەو هێزانە بووە کە
لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی “ژن، ژیان، ئازادی” لە پاوە و جوانڕۆدا ئامادە بووە و
لەلایەن ژمارەیەک لە هاووڵاتییانەوە تۆمەتبار کراوە بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە
خۆپیشاندەران، لەوانەش ئەو تەقەیەی کە بووە هۆی کوێربوونی “فەیرووز میرانی”.
هەروەها بورهان کریسانیش بەپێی ڕاپۆرتە خۆجێیییەکان وەک یەکێک لەو هێزانە ناسراوە
کە بەشداریی لە سەرکوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا کردووە. سەرەڕای ئەمانە،
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا تا ئێستا دەرفەتی ئەوەی بۆ نەرەخساوە کە بە شێوەیەکی
سەربەخۆ ڕاستی‌ئازمایی (تأیید) بۆ ئەم ئیدیعایانە و ئاستی بەرپرسیارێتیی ئەم کەسانە
لەو ڕووداوانەدا بکات.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ژوئینی ٢٠٢٦، لە ناوچەی شارستێن لە نزیک گوندی گاگێش لە
تەوەرەی مەهاباد – پیرانشار، تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە لە نێوان هێزەکانی کۆماری
ئیسلامیی ئێران و هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (YRK) ڕووی دا
کە بە گوتەی شایەتحاڵە خۆجێیییەکان، چەندین کاتژمێری خایاندووە. شایەتحاڵەکان بە
هانایان ڕاگەیاندووە کە لە کاتی ئەم شەڕەدا ژمارەیەک لە هێزە حکوومییەکان کوژراون
یان بریندار بوون و هاوکات هاتووچۆیەکی زۆری ئۆتۆمبێلە فریاگوزارییەکان و
ئەمبوڵانسەکان لە ناوچەکەدا بینراوە. بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی سەربەخۆ و جێگەی
متمانە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئامار و وردەکاریی زیانە گیانییەکانی هەر کام لە لایەنە
بەشدارەکان لەبەردەستدا نییە.

لە پێوەندی لەگەڵ ئەم ڕووداوەدا، قەرارگەی حەمزەی سەیدولشوهەدا، سەر بە هێزی
وشکانیی سوپای پاسداران، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئیدیعای کرد کە “تیمێکی شەش
کەسی”یان تێک شکاندووە و وێنەی تەرمی چوار کەسی بڵاو کردەوە. لە لایەکی دیکەوە،
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (YRK) بە بڵاوکردنەوەی
بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەی ناوچەی گاگێشدا، چوار ئەندامی
ئەو هێزانە (دوو ژن و دوو پیاو) گیانیان لەدەست داوە و ئیدیعای کرد کە زیانی گیانیی
زۆریشیان لە هێزەکانی سوپای پاسداران داوە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا تا ئێستا
نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ دروستیی ئیدیعاکانی هەر دوولا، ژمارەی ڕاستەقینەی
کوژراو و بریندارەکان، یان وردەکاریی چۆنیەتیی ڕوودانی شەڕەکە پشتڕاست بکاتەوە.

لە ڕووداوێکی دیکەدا، ئێوارەی هەینی ٢٦ی ژوئینی ٢٠٢٦، باڵی سەربازیی پارتی ژیانی
ئازادی کوردستان (YRK) بەرپرسیارێتیی هێرش بۆ سەر بازگەیەک لە نزیک شاری بانەی گرتە
ئەستۆ. بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لەم هێرشەدا دوو هێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە
ناوەکانی “ماردین ئەحدی” (سەربازی خەڵکی سەقز) و “موحەممەد حوسێن‌بەیگی” (ئۆستۆوار
دووەم) کوژراون. هەروەها هەشت کەسی دیکە بریندار بوون کە بەپێی زانیارییەکان،
پێنجیان لە هێزە ئینتیزامییەکان، یەکێکیان لە هێزەکانی سوپای پاسداران و دوو مەدەنی
بوون؛ کە بریتین لە کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ کە لە ناحیەی قاچییەوە بریندار بووە و
باوکی. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا تا ئێستا نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ
ڕاستی‌ئازمایی بۆ وردەکارییەکانی پەیوەندیدار بە ناسنامە و دۆخی تەواوی بریندارەکان
بکات.

هەروەها بەرەبەیانی سێشەممە ٢٣ی ژوئینی ٢٠٢٦، لە ناوچەی سنووریی خاوو‌میرئاوای شاری
مەریوان، تێکهەڵچوونێکی چەکدارانەی دیکە لە نێوان هێزەکانی پاسەوانیی سنووری کۆماری ئیسلامیی ئێران و کەسانی چەکدار ڕووی دا. بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرماندەیی پاسەوانیی
سنووری کۆماری ئیسلامی، لە کاتی ئەم شەڕەدا “دانیال نووریان”، لە ئەفسەرانی هەنگی
مەرزیی مەریوان و خەڵکی ئیلام، گیانی لەدەست دا. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا تا ئێستا
سەرکەوتوو نەبووە لە پشتڕاستکردنەوەی سەربەخۆی وردەکارییەکانی ئەم ڕووداوە، لەوانەش
چۆنیەتیی ڕوودانی شەڕەکە و زیانە ئەگەرییەکانی لایەنی بەرانبەر.

کۆی ئەم ڕووداوانە نیشاندەری زیادبوونی گرژییە ئەمنییەکان و پەرەسەندنی تێکهەڵچوونە
چەکدارییەکانە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا. لە کاتێکدا
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەرپرسیارێتیی بەشێکی زۆری ئەم هێرشانە دەخەنە ئەستۆی
حیزبە کوردستانییەکانی ئێران، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) و باڵە
سەربازییەکەی (YRK)، سەبارەت بە بەشێک لەم ڕووداوانە هەڵوێستی فەرمییان وەرگرتووە.
YRK پێشتر بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی نزیک بانەی گرتبووە ئەستۆ و لە بەیاننامەی
نوێشیدا ڕایگەیاند کە چوار پێشمەرگەیان لە ئۆپەراسیۆنەکەی گاگێشدا گیانیان لەدەست
داوە. ئەم هێزە هەروەها ئیدیعای کرد کە سوپای پاسداران لەم شەڕەدا کوژراو و
برینداری هەبووە. هاوکات، “ڕێوار ئاودانان”، وتەبێژی فەرمیی پژاک، لە تۆڕی
کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) ڕایگەیاند کە بەرپرسیارێتیی ڕوودانی
تێکهەڵچوونەکانی مەهاباد، پاوە و ناوچەکانی دیکەی کوردستان دەکەوێتە ئەستۆی
هێزەکانی سوپای پاسداران و ئیدیعای کرد کە “یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵات” لەم
حاڵەتانەدا “مافی بەرگریی ڕەوا”یان بەکار هێناوە. هەروەها YRK لە نوێترین
بەیاننامەیدا جەختی کردووەتەوە کە لە جەنگی ئەمدوایییەی دژی ئێراندا (جەنگی
ئیسرائیل و ئێران) بەشداریی نەکردووە، هیچ هێرشێکی دژی ئێران ئەنجام نەداوە و
تێکهەڵچوونەکانی ئەمدوایییە وەک کاردانەوەیەک بووە بەرانبەر بە ئۆپەراسیۆنەکانی
سوپای پاسداران دژی هێزەکانیان. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا تا ئێستا دەرفەتی
ڕاستی‌ئازمایی سەربەخۆی بۆ ئەم ئیدیعایانە نەبووە.

هاوکات لەگەڵ توندبوونی گرژییە مەیدانییەکان، ڕاپۆرتگەلێکیش دەربارەی زیادبوونی
گوشارە سیاسی و ئەمنییەکان بۆ سەر حیزبە کوردستانییەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان
بڵاو کراونەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی هەندێک لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی
کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی نامەیەکەوە داوای لە حکوومەتی
عێراق کردووە کە ئەندامان و بنەماڵەکانی حیزبە کوردستانییەکانی نیشتەجێی هەرێم یان
ڕادەستی ئێران بکرێنەوە، یان لە خاکی عێراق دەربکرێن. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم
ڕاپۆرتە، هیچ کام لە حیزبە کوردستانییەکان کاردانەوەی فەرمییان بەرانبەر بەم
هەواڵانە بڵاو نەکردووەتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی بەرانبەر بە پەرەسەندنی
تێکهەڵچوونە چەکدارییەکان لە ناوچە کوردنشینەکان، جەخت دەکاتەوە کە تەواوی لایەنە
بەشدارەکان، بەدەر لە پێگە و وابەستەیی خۆیان، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییە مرۆیییەکان
ئەرکدارن بە ڕەچاوکردنی بنەماکانی جیاکاری، گونجان و گرتنەبەری تەواوی ڕێکارە
وریایییەکان بۆ پاراستنی مەدەنییەکان. بەردەوامیی تێکهەڵچوونە چەکدارییەکان لە
ناوچە سنوورییەکان و نزیک لە شوێنی نیشتەجێبوونی مەدەنییەکان، مەترسیی زیادبوونی
زیانی گیانی، زیان گەیاندن بە ژێرخانە مەدەنییەکان، ئاوارەبوونی زۆرەملێی
دانیشتووان و سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتنیان بە خزمەتگوزارییە سەرەتایییەکان زیاد
دەکات. هانا جەخت دەکاتەوە کە دەبێت تەواوی ئەو ئیدیعایانەی کە لەلایەن لایەنە
بەشدارەکانەوە دەربارەی زیانەکان، شێوازی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان و حاڵەتە
ئەگەرییەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییە مرۆیییەکان دەکرێن، لە
ڕێگەی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ، بێلایەنانە و کاریگەرەوە لێک بدرێنەوە، تاوەکوو ڕاستیی
ڕووداوەکان ڕوون بێتەوە و زەمینە بۆ وەڵامدەرەوەبوونی بەرپرسانی ئەگەری فەراهەم
بکرێت.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین