بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا پاش یازدە ڕۆژ لە هێرشی شەوانەی هێزەکانی ئیدارەی ئتیلاعات بۆ ماڵی مەسعود خەلیلی، چالاکوانی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی بۆکان، هێشتا هیچ زانیارییەکی ڕوون سەبارەت بە دۆخ و چارەنووسی بەردەست نییە. بەپێی زانیارییەکانی هانا ، هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە هەوڵی دەستبەسەرکردنی ناوبراو.
بەپێی زانیارییەکانی هانا، نیوەشەوی ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٥، ژمارەیەک لە هێزە ئەمنیەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، بێ بەڵگە و مۆڵەتی دادگا، بە زۆر هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مەسعود خەلیلی و بە تەواوی پشکنییان کردوە. لەم هێرشەدا، هێزە ئەمنیەکان بەشێک لە کەلوپەلی ماڵیان تێکداوە و هەروەها لە ئەندامانی بنەماڵەکەشیان داوە ، بە جۆرێک کە چەند کەسێکیان بریندار بوون و توشی شکانی ئێسک بوون.
بەپێی زانیارییەکان ، ئامانجی ئەم هێرشە دەستبەسەرکردنی مەسعود خەلیلی بوو، بەڵام دوای ئەوەی هێزەئەمنیەکان نەیانتوانی بیدۆزنەوە، دەستیان بەسەر بەڵگەنامە و کەلوپەلی تاکەسیی ناوبراو، لەوانە کارتی نیشتمانی، بەڵگەی هاوسەرگیری و کارتە بانکییەکانی، بەبێ هیچ بەڵگە و بڕیارێکی یاسایی داگرتووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئەم کردارانە بە پێشێلکردنی ئاشکرای بنەما بنەڕەتیەکانی مافی ناوخۆیی و پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەزانێت. چوونە ناو ماڵی هاوڵاتیان بێ بەڵگە و مۆڵەتی دادگا، بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە ئەندامانی بنەماڵە، لەناوبردنی سامان و دەستبەسەرداگرتنی بەڵگەنامە و کەلوپەلی تاکەسی لە دەرەوەی ڕێوشوێنی یاسایی، لەگەڵ مافی پاراستنی ژیانی تایبەتی، مافی ئاسایشی تاکەسی و بنەماکانی دادرەسیی دادپەروەرانە یەک ناگرێتەوە و دەتوانێت ببێتە هۆی پێشێلکردنی بەرفراوانی مافە بنەڕەتییەکانی هاوڵاتیان.
هانا لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران داوا دەکات بە کردەوەکانی دەرەوەی چوارچێوەی یاسا کۆتایی بێنن و سەبارەت بە دۆخی مەسعود خەلیلی ڕوونکردنەوە بدەن و لە ئەگەری دەستبەسەر کردنیدا، شوێنی ڕاگرتنی، دۆخی یاسایی و بنەمای یاسایی دەستبەسەرکردنی، بەبێ هیچ بیانوو و بە زووترین کات، بە بنەماڵەکەی ڕابگەیەنن. هەروەها پێویستە دەستڕاگەیشتنی خێرای ئەو بە پارێزەری هەڵبژێردراوی خۆی، پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە و بەهرەمەندبوونی لە خزمەتگوزارییە گونجاوەکانی چارەسەری دابین بکرێت و هەموو گەرەنتییەکانی دادرەسیی دادپەروەرانە، بەپێی پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئێران، بە تایبەتی پەیمانی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، ڕەچاو بکرێن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە درێژەی بێ هەواڵی و بێ ئاگایی لە دۆخی مەسعود خەلیلی، وڵام نەدانەوەی هێزە ئەمنییەکان لە پێدانی زانیاریی فەرمی سەبارەت بە چارەنووسی ئەو و بەردەوامبوونی کردارەکانیان لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا، نموونەی نگرانکەرەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە. ئەگەر مەسعود خەلیلی دەستبەسەر کرابێت، بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆی پاراستنی ژیان، تەندروستیی جەستەیی و دەروونی و پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانی ئەو، لە ئەستۆی دەزگا و دامەزراوەی دەستبەسەرکەر و بەرپرسانی پەیوەندیداردایە و لە ئەگەری هەر زیانێک یان پێشێلکردنی مافە یاسایییەکانی، پێویستە ئەو دەزگا و دامەزراوەیە وڵامدەر بێت.
