لە ئەمڕۆوە ١٢ی ژوئینی ٢٠٢٦، سیستەمی نوێی کۆچ و پەنابەریی یەکێتیی ئەورووپا بە فەرمی لە وڵاتانی ئەندام، لەوانەش ئەڵمانیا، دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە. ئەم سیستەمە کە بە «پەیماننامەی کۆچ و پەنابەریی یەکێتیی ئەورووپا» دەناسرێت، بە ئامانجی ڕاگەیەندراوی خێراکردنی پرۆسەی پێڕاگەییشتن بە داواکارییەکانی پەنابەری، کۆنتڕۆڵی توندتری سنوورە دەرەکییەکانی یەکێتیی ئەورووپا و زیادکردنی دەرفەتی گەڕاندنەوەی ئەو داواکارانەی وەڵامی ڕەدیان وەرگرتووە، داڕێژراوە. بەڵام، لە ڕوانگەی مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکانی پەنابەرانەوە، جێبەجێکردنی ئەم ڕێسایانە نیگەرانیی جیدیی دروست کردووە سەبارەت بە لاوازکردنی مافی بنەڕەتیی پەنابەری، کەمکردنەوەی گەرەنتییەکانی دادرەسیی دادپەروەرانە و زیادبوونی مەترسیی گەڕاندنەوەی کەسەکان بۆ ئەو وڵاتانەی کە تێیاندا ڕووبەڕووی ئەشکەنجە، ڕاوەدوونانی سیاسی یان ڕەفتاری نامرۆڤانە دەبنەوە.
بەپێی ڕێسا نوێیەکان، دەوڵەتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا دەتوانن پرۆسەی پشکنینی سنووری (Screening)، تۆمارکردنی زانیارییە بایۆمەترییەکان، پێڕاگەییشتنی پەلەپڕوزێ بە هەندێک داواکاریی پەنابەری و بەکارهێنانی بەرفراوانتر لە چەمکەکانی وەک «وڵاتی بنەڕەتیی ئارام» و «وڵاتی سێیەمی ئارام» جێبەجێ بکەن. ئەم گۆڕانکارییانە، ئەگەرچی لە ڕوواڵەتدا بە ئامانجی ڕێکخستنی کارگێڕیی سیستەمی پەنابەری دەناسرێن، بەڵام لە کرداردا دەتوانن دەستڕاگەیشتنی ڕاستەقینەی پەنابەران بە پارێزەر، وەرگێڕ، کاتی پێویست بۆ پێشکەشکردنی بەڵگەنامەکان و دەرفەتی دەربڕینی تەواوی هۆکارەکانی ترس لە گەڕانەوە سنووردار بکەن. ئەم جۆرە سنووردارکردنە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕۆح و ئامانجی کۆنڤانسیۆنی ١٩٥١ی ژنێف سەبارەت بە دۆخی پەنابەران و بنەمای بنەڕەتیی «نەگەڕاندنەوە» (Non-refoulement) دژایەتیی هەیە.
ئەسڵی «نەگەڕاندنەوە» یەکێکە لە بنەما هەرە سەرەکییەکانی یاسای نێودەوڵەتی و دەوڵەتان قەدەغە دەکات لە گەڕاندنەوەی هەر کەسێک بۆ وڵاتێک کە تێیدا لەژێر مەترسیی جیدیی ئەشکەنجە، ئازار، لەسێدارەدان، ڕاوەدوونانی سیاسی یان ڕەفتاری نامرۆڤانەدا بێت. ئەم ئەسڵە نەک تەنیا بژاردەیەکی کارگێڕی، بەڵکوو پابەندبوونێکی یاساییی ناچارکەرە. کەواتە، هەر سیستەمێکی پەنابەری کە پێڕاگەییشتنی تاکەکەسی، ورد و کاریگەر بکاتە قوربانیی خێراییی کارگێڕی، مەترسیی پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی ئەم ئەسڵەی تێدایە.
نیگەرانییەکی دیکە پەیوەندی بە پەرەپێدانی ڕاگرتنی پەنابەران لە ناوەندە سنوورییەکان و کەمبوونەوەی کردەییی دەرفەتی ناڕەزایەتی دەربڕینی کاریگەرەوە هەیە. مافی پەنابەری تەنیا ئەو کاتە واتای هەیە کە داواکار بتوانێت هۆکارەکانی خۆی لە کەشێکی ئارامدا، بە دەستڕاگەیشتن بە ڕاوێژی یاسایی و وەرگێڕانی گونجاو پێشکەش بکات. بڕیاردانی خێرا، بەبێ لێکۆڵینەوەی تەواو لە دۆخی تاکەکەسی، بەتایبەت لە دۆسیە سیاسی، ئەمنی، ڕەگەزی، نەتەوەیی و ئایینییەکاندا، دەکرێت ببێتە هۆی دەرچوونی بڕیاری هەڵە و قەرەبوو نەکراوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە نوێیە بۆ پەنابەرانی ئێرانی مەترسیی تایبەت دروست دەکات. کۆماری ئیسلامیی ئێران هێشتا یەکێک لە توندترین سیستەمەکانی سەرکوتی سیاسی، ئایینی، نەتەوەیی و ڕەگەزی پەیڕەو دەکات. دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی، ئەشکەنجە، لەسێدارەدان، دۆسیەسازیی ئەمنی، سەرکوتی ژنان، ڕاوەدوونانی چالاکانی سیاسی و گوشاری ڕێکخراو بۆ سەر کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان، بەشێکی جێگیری پێکهاتەی فەرمانڕەواییی کۆماری ئیسلامییە.
لە وەها بارودۆخێکدا, پەنابەرانی ئێرانی، بەتایبەت چالاکانی سیاسی، ڕۆژنامەنووسان، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، ژنانی ناڕازی، هاووڵاتییانی کورد، بەلووچ، عەرەب، بەهایی، مەسیحییە نوێیەکان و ئەندامان یان لایەنگرانی گرووپە نەیارەکانی حکوومەت، پێویستییان بە پێڕاگەییشتنی ورد و تاکەکەسی هەیە. زۆربەی ئەوان لە کاتی چوونە نێو ئەورووپا بەهۆی هەڵاتنی نائاسایی، نەبوونی بەڵگەنامەی فەرمی، شوێنەوارە دەروونییەکانی دەستبەسەری یان ئەشکەنجە، یان نیگەرانی لە ئاسایشی بنەماڵەکانیان لە ئێران، ناتوانن دەستبەجێ هەموو بەڵگەکان پێشکەش بکەن. کەواتە، پێڕاگەییشتنی پەلەپڕوزێی سنووری دەتوانێت بە کردەوە مافی ئەوان بۆ سەلماندنی مەترسیی ڕاستەوخۆی گەڕانەوە لاواز بکات.
نووسینگەی یاساییی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە نیگەرانییەکی قووڵەوە ڕادەگەیەنێت کە کارامەیی کارگێڕی، کۆنتڕۆڵی سنوورەکان و سیاسەتەکانی گەڕاندنەوە، نابێت بخرێنە پێش پابەندبوونە بنەڕەتییەکانی دەوڵەتە ئەورووپییەکان لە پاڵپشتیکردنی پەنابەران. مافی پەنابەری ئیمتیازێکی سیاسی نییە، بەڵکوو بەرهەمی ئەزموونی مێژوویی ئەورووپایە لە جەنگ، سەرکوت، دوورخستنەوە و ئازاری سیاسی.
لاوازکردنی ئەم مافە، بەتایبەت لە بەرانبەر ئەو پەنابەرانەی کە لە وڵاتانی وەک ئێران هەڵاتوون، دەکرێت گیانی مرۆڤەکان ڕاستەوخۆ بخاتە مەترسییەوە.
هانا داوا لە حکوومەتی ئەڵمانیا، ناوەندەکانی یەکێتیی ئەورووپا و سەرجەم لایەنە بەرپرسەکانی پەنابەری دەکات کە لە جێبەجێکردنی ڕێسا نوێیەکاندا، ئەسڵی نەگەڕاندنەوە، مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی وەرگێڕانی کاریگەر، پێڕاگەییشتنی تاکەکەسی، مافی ناڕەزایەتی ڕاستەقینە و پاڵپشتیی تایبەت لە توێژە ناسکەکان بە تەواوی گەرەنتی بکەن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هۆشداری دەدات کە هەر جۆرە جێبەجێکردنێکی پەلەپڕوزێ، ئەمنیی و نامرۆڤانەی سیستەمی نوێی پەنابەری دەکرێت ببێتە هۆی لاوازبوونی یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتە یاسایییە نێودەوڵەتییەکانی سەردەم و پەنابەرانی ئێرانی، سەرەڕای هەبوونی مەترسیی ڕاستەقینەی ڕاوەدوونان و ئەشکەنجە لە ئێران، ڕووبەڕووی بەربەستی یاساییی قورس و نادادپەروەرانە بکاتەوە.
