بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە هانا، “عیسا فەیزی”، هاووڵاتیی خەڵکی کامیاران، چالاکی ژینگەپارێز و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عیسا فەیزی ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی (٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، دوای سەردانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیاران بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆخی هاوسەرەکەی، “کەژاڵ ڕەحمانی” و برای هاوسەرەکەی، “دانیال ڕەحمانی” کە ڕۆژێک پێشتر لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون، لەلایەن مەئموورە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات بەو ئیدیعایەی کە دەیانەوێت چەند پرسیارێکی لێ بکەن، ناوبراویان بردۆتە نێو بینای ئەم ناوەندە ئەمنییە و بەبێ نواندنی حوکمی دادوەری دەستبەسەریان کردووە.
دەگوترێت لە کاتی دەستبەسەرکردنی کەژاڵ ڕەحمانیدا، هێزە ئەمنییەکان تەلەفۆنی مۆبایلی عیسا فەیزیشیان زەوت کردبوو و لەگەڵ خۆیان بردبوویان. ناوبراو بەهۆی بێئاگایی لە دۆخ و شوێنی ڕاگرتنی هاوسەر و برای هاوسەرەکەی، بۆ بەدواداچوون سەردانی ئەو ئیدارەیەی کردبوو.
عیسا فەیزی پێشتریش سابەقەی دەستبەسەرکرانی هەبووە. ئەم چالاکە ژینگەپارێزە و لە ئەندامانی لقی کوردستانی حیزبی “وەحدەتی نەتەوەیی”، ڕۆژی ١٥ی بەفرانباری ١٣٩٧ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە کامیاران دەستبەسەر کرا و دوای زیاتر لە پێنج مانگ دەستبەسەری، بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرابوو.
کەژاڵ ڕەحمانی و دانیال ڕەحمانیش لە بنەماڵە دادخوازەکانی کوردستانن. برایەکی ئەوان بە ناوی “جەمال ڕەحمانی”، لە ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبەریی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)، لە ساڵی ١٣٩٧دا لە ئەنجامی دەستڕێژی گوللەی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژرا. بنەماڵەی ڕەحمانی لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی نێژرانی ناوبراو سەردانی ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانیان کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووە.
بە دەستبەسەرکردنی عیسا فەیزی، ژمارەی ئەندامانی دەستبەسەرکراوی ئەم بنەماڵەیە گەیشتە سێ کەس. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، لە هۆکاری دەستبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن و دۆخی هیچ کامیان زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.
