ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: ئەمین زوهرابی، هاووڵاتیی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی گوندی “ئەرمۆ”ی سەر بە شاری دەڕەشاری پارێزگای ئیلام، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای پێنج مانگ بەندکرانی تەعزیری و دوورخستنەوەی بۆ تەواوکردنی خزمەتی سەربازی لە شاری تەیباد لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی بەسەردا سەپا.
بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، ئەمین زوهرابی لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا بریندار ببوو و ئێوارەی هەینی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٤ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو ئێستا ماوەی سزاکەی لە زیندانی ئیلامدا تێپەڕ دەکات.
بەپێی حوکمە دەرچووەکە، ئەم هاووڵاتییە دوای تەواوبوونی ماوەی بەندکرانەکەی، بەهۆی تەواونەبوونی خزمەتی سەربازییەکەی، دەبێت بۆ بەردەوامیی خزمەتەکەی بۆ شاری تەیباد لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی بگوازرێتەوە.
تا ئێستا زانیاریی زیاتر دەربارەی پرۆسەی دادگاییکردن، ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی و دەستڕاگەیشتنی بە پارێزەر لەبەردەستدا نییە.
