ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی، ڕۆژی چوارشەممە ٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی «ئارمان دەروێشی» ٢٠ ساڵ و «میلاد شادیخواز» ٢٢ ساڵ، کە هەردووکیان خەڵکی گوندی «سینگان»ی سەر بە شاری شنۆن، دوای نزیکەی سێ مانگ دەستبەسەرکران، بە دانانی بارمتەی سێ ملیار تمەنی بۆ هەر کامیان، بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.
بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، ئەم دوو هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی ڕەشەممەی ١٤٠٤، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەبێ نواندنی حوکمی دادوەری دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترابوونەوە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت، ئەم هاووڵاتییانە لە تەواوی ماوەی دەستبەسەریدا لە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان، لەوانە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندی بە بنەماڵەوە، بێبەش کرابوون و لە کۆتاییدا بە دانانی بارمتەیەکی قورس تا کاتی بەڕێوەچوونی قۆناغەکانی دادگاییکردن، بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.
