پشتبەستن بە ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی هانا: بنەماڵەیەکی پەنابەری کورد لە تورکیا دوای ۱۱ ساڵ لە سەرگەردانی و بێدیاریی چارەنووس، لەلایەن کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) داواکاریی پەنابەرییەکەیان ڕەت کراوەتەوە و لەژێر مەترسییەکی جیددیی دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجەدان و دەرچوونی حوکمی قورسدان لە ئێران.
بەپێی ڕاپۆرتە پێگەیشتووەکان؛ ڕزگار شێخ جەگەری، چالاکوانی سیاسیی کورد و توێژەری بواری مافەکانی منداڵان، لەگەڵ هاوسەرەکەی بە ناوی “سوهەیلا ئەحمەدی” و دوو منداڵەکەیان بە ناوەکانی “باران و ئاران”، دوای ۱۱ ساڵ مانەوە و بێدیاریی چارەنووس لە وڵاتی تورکیا، ڕووبەڕووی مەترسیی نزیک و دەستبەجێی دیپۆرتکردنەوە بۆ ئێران بوونەتەوە.
ئەم بنەماڵەیە کە لە ساڵی ۲۰۱۵ی زاینییەوە وەک پەنابەر لە تورکیا دەژین، بەم دواییانە وڵامی نەرێنییان لەلایەن کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێگەیشتووە؛ ئەمەش ڕێگا خۆش دەکات بۆ گەڕاندنەوەی زۆرەملێیان لەلایەن فەرمانگەی کۆچی تورکیاوە.
ڕزگار شێخ جەگەری بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانی و هەروەها توێژینەوە و هەڵوێستە ئاشکراکانی لە بواری بەرگریکردن لە مافەکانی منداڵان، لە ئەگەری ڕادەستکردنەوەی بە ئێران، ڕووبەڕووی دۆسیەی ئەمنیی قورس دەبێتەوە.
سەرچاوەکانی نزیک لەم بنەماڵەیە لە وتووێژێکدا لەگەڵ “هانا” پشتڕاستیان کردووەتەوە کە لە ئەگەری گەڕاندنەوەی زۆرەملێی بەڕێز شێخ جەگەری بۆ ئێران، مەترسیی جیددیی وەک دەستبەسەرکردنی دەستبەجێ لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە، ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونی بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، و دەرکردنی حوکمی قورسی دادوەری وەک زیندانیکردنی درێژخایەن و تەنانەت مەترسیی دەرچوونی حوکمی سێدارە، بە توندی هەڕەشە لە ژیانی دەکات.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، هاوکات لەگەڵ دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ و توندی خۆی بەرامبەر بە چارەنووسی ئەم بنەماڵە پەنابەرە، ڕایدەگەیەنێت کە لە ڕێگەی نامەی جیاوازەوە بۆ فەرمانگەی کۆچی تورکیا و بەرپرسانی حکومەتی ئەو وڵاتە، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هەر جۆرە پرۆسەیەکی دیپۆرتکردنەوەی ئەم بنەماڵەیەی کردووە.
