بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: دوای تێپەڕبوونی ٤٥ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی سەحەر مەهدی، هاووڵاتیی تەمەن ٣٢ ساڵی خەڵکی شاری سەقز، ناوبراو هێشتا بە ناڕوونی لە زیندانی سەقزدا ڕاگیراوە.
سەحەر مەهدی، کچی پەرشەنگ و عەبدوڵڵا، پێشتر لە ماڵی بنەماڵەیی خۆی و بەبێ نواندنی بەڵگەی دادوەری لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و پاشان بۆ زیندانی سەقز گواسترابووەوە.
مأمورەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا، تەلەفۆنی مۆبایلی خۆی و ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەشیان دەستبەسەر کردبوو و لەگەڵ خۆیان بردبوویان.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرەڕای بەڵێنە سەرەتایییەکانی ناوەندە ئەمنییەکان بۆ ئازادکردنی ئەم هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە، بەرپرسانی دادوەری و ئەمنی تا ئەم ساتە لە ئازادکردنی ناوبراو خۆیان دەپارێزن.
سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ جۆرە زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ سەحەر مەهدی لەبەردەستدا نییە.
