ڕێکخراوی مافی مرۆڤی “هانا” زانیویەتی کە «ئەمیر یوسفی»، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «سڵامەت» سەر بە شارستانی بۆکان، سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٤ ڕۆژ هێشتا لە دەستبەسەریدایە و بەپێی زانیارییەکان، دۆخی جەستەیی و دەروونیی ناجێگیرە.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، بەڕێز یوسفی لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کورت لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ڕایگەیاندووە کە دۆخی جەستەیی و دەروونیی باش نییە. سەرەڕای ئەوەی پێشتر پێی ڕاگەێندرابوو کە ئەگەری ئازادکردنی بە دانانی بارمتە هەیە، بەڵام کاتێک بنەماڵەکەی سەردانیان کردووە و بارمتەکەیان ئامادە کردووە، ئەم داواکارییە تا ئێستا لەلایەن دامەزراوە بەرپرسەکانەوە قبووڵ نەکراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەمیر یوسفی کە خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی بانەمەڕی ١٤٠٥ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارستانی بۆکان دەستبەسەر کراوە. ناوبراو دوای ڕاگرتنی بۆ ماوەی یەک ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی بۆکان، گوازراوەتەوە بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ورمێ و لە کاتی گواستنەوەیەوە تا ئێستا لەو دەستبەسەرگەیەدا ڕاگیراوە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو هەفتە بەسەر کاتی دەستبەسەرکردنیدا، دامەزراوە بەرپرسەکان تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی شەفافیان سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، تۆمەتە ئاراستەکراوەکان و دۆخی یاسایی دۆسیەی ئەم هاووڵاتییە نەداوە.
بەردەوامیی دەستبەسەرکردن بەبێ پێشکەشکردنی ڕوونکردنەوەی ڕوون لەسەر دۆسیەکە، ڕاگرتنی لە دەستبەسەرگەی ئەمنیدا، بێبەشکردنی لە دەستڕاگەیشتنی کاریگەر بە پارێزەرێکی سەربەخۆ و قبووڵنەکردنی بارمتە، نیگەرانییەکان لەسەر پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی ئەم هاووڵاتییە، لەوانە مافی دەستڕاگەیشتن بە دادگاییکردنی دادپەروەرانە و زەمانەتە یاساییەکانی دەستبەسەرکراوانی بەتەواوی زیاد کردووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوای ڕوونکردنەوەی بەپەلە لەسەر دۆخی ئەمیر یوسفی، ڕاگەییشتنی بەپەلە بە دۆخی جەستەیی و دەروونیی، زامنکردنی مافی دەستڕاگەیشتنی بە پارێزەر و بنەماڵەکەی، و ڕەچاوکردنی مافە یاساییەکان و بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە ڕەوتی بەدواداچوونی دۆسیەکەیدا دەکات.
