سێدارەدانی عەباس ئەکبەری فەیزئابادی، یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار

​هانا؛ بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٤ی جۆزەردانی ١٤٠٥، حوکمی سێدارەی «عەباس ئەکبەری فەیزئابادی»، یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤، لە یەکێک لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ کرا.

​ئاژانسی هەواڵی «میزان»ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامی، بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاند کە ئەم هاووڵاتییە خەڵکی شارستانی نایین لە پارێزگای ئەسفەهان، پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە بە تۆمەتگەلێکی وەک «محاربه» (دژایەتیکردنی خودا)، «تێکدانی ئەنقەستی موڵکی گشتی»، «کۆبوونەوە و پێکهێنانی باند دژی ئاسایشی وڵات» و تەقەکردن لە هێزە حکومەتییەکان، سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.

​بەپێی زانیارییە بەدەستگەیشتووەکان، تا ئێستا هیچ زانیارییەکی سەربەخۆ سەبارەت بە پرۆسەی دەستبەسەرکردن، قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و ڕێڕەوی دادوەریی دۆسیەی عەباس ئەکبەری بڵاونەکراوەتەوە؛ هەروەها وردەکارییەکانی پەیوەست بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکانی دادگا، بەڵگەنامە پێشکەشکراوەکان دژی ناوبراو و مافی دەستڕاگەیشتنی بە پارێزەرێکی سەربەخۆ لە تەمومژدا ماوەتەوە.

​بەپێی زانیارییەکان، بنەماڵەی عەباس ئەکبەری لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، لەژێر گوشار و هەڕەشەی دامەزراوە ئەمنییەکاندا، لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی گشتی سەبارەت بە دۆخی دۆسیەکە و پرۆسەی دادوەرییەکەی خۆیان پاراستووە.

​ڕێکخراوی هانا جەخت دەکاتەوە کە دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە دۆسیەکانی پەیوەندیدار بە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان، پێشێلکردنی ئاشکرای مافی ژیانە و دژایەتی لەگەڵ بنەما سەرەکییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانەدا هەیە. بێبەشکردنی تۆمەتبار لە دەستڕاگەیشتنی کاریگەر و بەردەوام بە پارێزەری سەربەخۆ لە تەواوی قۆناغەکانی دادگاییکردندا و نەبوونی ڕوونی لە پرۆسەی دادوەریدا، لە نموونەکانی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی تۆمەتبارن و لەگەڵ پێوەرەکانی مافی مرۆڤدا ناکۆکن.

​هانا هەروەها ئەوە وەبیر دەهێنێتەوە کە جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە دۆسیە سیاسی و ئەمنییەکاندا، لە ژینگەیەکی بێبەش لە گەرەنتییە پێویستەکان بۆ لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و دادپەروەرانە، دژایەتییەکی سەختی لەگەڵ بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەوانەش بەندەکانی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکاندا هەیە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین