بەردەوامیی بێدەنگی و ناڕوونی لە چارەنووسی سیاوەش عەزیزی‌موقەدەم له شاری مەهاباد

بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، سەرەڕای تێپەڕبوونی
چەندین هەفتە بەسەر دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییەک بە ناوی «سیاوەش عەزیزی‌موقەدەم»،
خێزاندار، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، هێشتا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر
دۆخی تەندروستی، چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەردەستدا نییە.

بەپێی زانیارییەکان، دەستبەسەرکردنی بەڕێز عەزیزی‌موقەدەم بەبێ نواندنی هیچ جۆرە
حوکمێکی دادوەری و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەنجام دراوە. بێبەشکردنی
بنەماڵەکەی لە هەر چەشنە زانیارییەک دەربارەی شوێنی ڕاگرتن، باری جەستەیی و
یاسایی، و هۆکارەکانی دەستبەسەرکردنی، نموونەی ئاشکرای پێشێلکردنی مافی
دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و مافی
پەیوەندی بە بنەماڵە و پارێزەرە.

تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی فەرمی لەسەر هۆکاری
دەستبەسەرکردن، ئەو ناوەندەی کە دەستبەسەری کردووە، شوێنی ڕاگرتن و ئەو
تۆمەتانەی ئەگەری هەیە خرابێتنە پاڵ ئەم هاووڵاتییە، ڕانەگەیەندراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرانبەر بە بەردەوامیی بێدەنگی لە
چارەنووسی سیاوەش عەزیزی‌موقەدەم دەردەبڕێت و داوای ڕاگەیاندنی دەستبەجێی
دۆخ وشوێنی ڕاگرتنی، دابینکردنی مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و بنەماڵە، و ڕەچاوکردنی تەواوی مافە یاسایییەکان و پرۆسەی دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە دۆسیەکەیدا دەکات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین