ڕاپۆرتی هانا لەسەر بەردەوامبوونی فشارە ئەمنیەتیەکان و مەترسی جێبەجێکردنی سزای سێدارە بۆ ٢١ زیندانیی بلووچ

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی شەپۆلی نوێی سێدارە لە ئێران، نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە دۆخی لانیکەم ٢١ زیندانیی سیاسیی بلووچ کە لە مەترسی جێبەجێکردنی سزاێ سێدارە دان دەر دەبڕێ.

بەپێی ڕاپۆرتی «تۆڕی بەڵگەنامەکانی مافی مرۆڤی بلووچستان»ئەم زیندانییانە بە تۆمەتەکانی وەک «محاربە»، «ئەفساد فی‌الارض» و «ئەندامێتی لە گرووپە دژبەرەکان» دادگایی کراون؛ ئەم تۆمەتانە لە زۆرێک لە حاڵەتەکان لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ، ئەشکەنجە، بێ‌بەشکردن لە پارێزەری سەربەخۆ و نەبوونی پرۆسەێکی دادوەرانەی یاسایی دا ، پاڵ ئەم کەسانە دراوون .

«ئەدهەم نارویی»، «فەرشید حەسەن‌زەهی»، «حوسێن شاهووزەهی» و «نەسیمە ئیسلام‌زەهی»، دایکی دوو منداڵ، بەشێکن لەو کەسانە. هەروەها «سولێمان شا‌بەخش» لە دۆخێکدا ڕووبەڕووی مەترسی سێدارەیە کە بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە کاتی دەستبەسەرکردندا ١٢ ساڵی تەمەن بووە کە ئەوە پێشێلکردنێکی ئاشکرای پابەندییەکانی ئێران لە بوارەکانی مافی منداڵ و قەدەغەی دەرکردن یان جێبەجێکردنی سزای سێدارە بۆ کەسانی ژێر ١٨ ساڵە.

هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای سێدارە لەسەر بنەمای دانپێدانانێک کە لەژێر ئەشکەنجە وەرگیراون، تۆمەتی ئەمنیەتی بە کۆمەڵ و دادگایی ناڕوون، پێشێلکردنێکی گەورەی مافی ژیان و پابەندییە نێودەوڵەتییەکانە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە. هانا داوا لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، ڕێوشووێنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتە دیموکراتییەکان دەکات کە دەستبەجێ بۆ وەستاندنی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە و وەڵامدرکردنەوەی بەرپرسانی پێوەندیدار هەنگاو بنێن.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین