بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: شەوی یەکشەممە ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، شارۆمەندێکی کورد بە ناوی مێلیکا کاوەندی لە دەستبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، خەڵکی شاری بیجاڕ دووبارە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، مێلیکا کاوەندی بە بڕیاری دادسەرای گشتی و شۆڕشی بیجاڕ دەستبەسەر کراوە و دواتر بە مەبەستی تێپەڕ کردنی قۆناغەکانی دادگایی کردن بۆ بەندیخانەی ناوەندی سنە ڕاگوێزراوە.
سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵە، هیچ زانیاریەکی ڕوون لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکردنی دووبارە و ئەو تۆماتانەی خراونەتە پاڵ ئەم شارۆمەندە، لە لایەن دامودەزگا دادوەری و ئەمنییەکانەوە نەخراوەتە ڕوو.
شایانی باسە، ناوبراو پێشتر لە جەریانی شۆڕشی ژینادا دەستبەسەر و نزیکەی مانگێک لە بەندیخانەی سنە بوو.
