بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، سزای قامچی “ئاتەش شاکەرەمی” پوری “نیکا شاکەرەمی” لە گیانبەختکردوانی بزوتنەوەی (ژن، ژیان، ئازادی) ڕۆژی دووشەممە ۱۹ی خەزەڵوەری ۱٤۰٤ (۱۰ی نۆڤەمبەری ۲۰۲٥) جێبەجێ کراوە.
ئەم سزایە دوای سکاڵایەکی نەسرین شاکەرەمی دایکی نیکا لە دژی ئاتەش شاکەرەمی دەرچووە. پێشتر لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو ئەو ڕایگەیاندبوو کە دۆسیەکەی ڕەوانەی بەشی جێبەجێکردنی سزاکان دەکرێت.
بە پێی ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتووە، دادگای شۆڕشی پارێزگای لوڕستان بە تۆمەتی (بڵاوکردنەوەی بابەتی ناڕاست) سزای ٣٨ قامچی بەسەر ئاتەش شاکەرەمیدا سەپاندبوو، بڕیارەکەش لە دادگای پێداچوونەوە پەسند کرابوو.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئاتەش شاکەرەمی دوای کوژرانی خوشکەزاکەی “نیکا شاکەرەمی”، لە جەریانی ناڕەزایەتیە سەرتاسەریەکانی ساڵی ١٤٠١دا، ئاتەش چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە بانگ کرابوو، هەروەها لەلایەن کەسانی دەوروبەریەوە فشارخراوەتە سەری کە دەستبەرداری داواکارییەکەی بێت و داوای دادپەروەری بۆ نیکا نەکات.
ئەو دوای جێبەجێکردنی سزاکەی، لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێکی کورت و بە نوسینی وشەی (دادپەروەری)، جێبەجێ کردنی حوکمی قامچیەکەی سەری، ڕاگەیاند.
ئەمە لە کاتێکدایە کە سکاڵاکاری دۆسیەکە، (نەسرین شاکەرەمی)، دایکی نیکا، بە پێی ڕاپۆرتەکان ماوەیەک پێش ئێستا ئێرانی بەجێهێشتووە.
