رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوەتەوە کە ڕۆژی سێشەممە ١٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، خالد بایزیدی بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی شنۆ، بە هۆی چڕبوونەوەی نەخۆشی دڵی و هەروەها پێڕانەگەیشتنی پزیشکی بە شێوەی پێویست، بە بارودۆخێکی تەندروستی خراپ بۆ نەخۆشخانەی شنۆ ڕاگوێزراوە و لە بەشی چاوەدێری چڕی نەخۆشخانەکە خەوێندراوە.
بە گوتەی سەرچاوەیەک، ناوبراو کە پێشتر پزیشکەکەی ڕاگرتنی لە بەندیخانەی قەدەغە کردبوو، لە رێکەوتی ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای پێنج ساڵ بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی شنۆ ڕاگوێزرا.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پزیشکەکەی هۆشداری دابوو کت پێویستە ئەو لە ژێر چاوەدێری بەردەوامدا بێت و ڕاگیرانی لە بەندیخانە مەترسی لە سەر ژیانی دەبێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە هانای ڕاگەیاند، بنەماڵە و خودی بەڕێز بایزیدی بەردەوام داوای خزمەتگوزاری و چاوەدێری تایبەتی پزیشکیان لە دادگا و داواکاری گشتی کردووە بەڵام لە لایەن بەرپرسانی دادوەری و ئەمنییەوە وڵامیان نەدراوەتەوە.
هەروەها سەرچاوەکە زیادی کرد، خالد بایزیدی لە ماوەی ٩ ڕۆژ بەندکراندا بارودۆخی جەستەیی خراپ بووت و دڵی ئازاری زۆری بووە و دەرمان و خزمەتگوزاری پزیشکی بۆ دابین نەکراوە، تا کاتێک کە لە رێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەر بە هۆی تێکچوونی باری تەندروستی بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزراوە.
سەرچاوەکە هەروەها زیادی کرد، لە کاتی ڕاگوێزانیەوە بۆ نەخۆشخانە بنەماڵەکەی مافی چاوپێکەوتنیان لەگەڵی نەبووە و لە ماوەی نۆ ڕۆژ بەندکراندا تەنها یەکجار بە کوتی چاوی بە بنەماڵەکەی کەوتووە.
خالد بایزیدی تەمەن ٤٣ ساڵ، خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە و خەڵکی شاری شنۆیە کە لە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٤٠٤ لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی شنۆ بە تۆمەتی ” هاوکاری لەگەڵ حزبێکی کوردستانی ئۆپۆزۆسیۆنی حکومەتی ئێران” سزای پێنج ساڵ بەندکرانی تەعزیری بە سەردا سەپێندرابوو.
ناوبراو پێشتر لە رێکەوتی ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٤، لە لایەن هێزێکی ئەمنیەوە دەستبەسەر کرا و بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنی لە ورمێ ڕاگوێزرا و دوای کۆتایی هاتنی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قوڵی لە سەر بارودۆخی جەستەیی و گیانی خالد بایزیدی، بەرپرسایەتی هەرجۆرە زیانێکی گیانی ئەم بەندکراوەیە، دەخاتە ئەستۆی دامەزراوە ئەمنی و دادوەریەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و داوای ئازادی بەپەلەی ئەم بەندکراوە سیاسیە یان ڕاگوێزانی یەکجاری ئەو بۆ نەخۆشخانە تایبەتەکانی ژێر چاوەدێری پزیشکانی سەربەخۆ دەکات.
