بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا؛ ڕۆژی هەینی ۲٨ی خەرمانانی ۱٤۰٤ ( ۱۹ی سپتەمبری ۲۰۲٥ ) دوو بەندکراو بە ناوەکانی “جەمیلە عەزیزی” و “محەمەد مەنقەلی” لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین و یەزد بەهۆی دەستڕانەگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، جەمیلە عەزیزی، بەندکراو لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین، ماوەیەکی زۆر نەخۆش بوو و جەستەی بە بەرفراوانی توشی ئاوسان بوو، بەڵام بۆ ماوەی زیاتر لە دە ڕۆژ ڕێگری لێکرا بۆ ڕەوانەکردنی بۆ بنکەی تەندروستی و بەهۆی بێبەشکردنی لە چاوەدێری و پێڕاگەیشتنی پزیشکی گیانی لەدەستدا.
ئەمە لە کاتێکدا بوو کە بارمتەی ئازادی مسۆگەر کرابوو و بڕیار بوو بەم زووانە ئازاد بکرێت.
بنەماڵە و کەسوکاری ئەم بەندکراوە بەرپرسانی بەندیخانەکە بە هۆکاری ڕاستەوخۆی گیانلەدەستدانی ئەو بەندکراوە دەزانن.
هەروەها لە هەمان ڕۆژدا، “محەمەد مەنقەلی”، بەندکراوێکی دارایی لە بەندیخانەی یەزد، دوای گواستنەوەی بۆ بنکەی تەندروستی بەندیخانەکە بە نیشانەکانی هەناسە تەنگی بەهۆی نەبوونی چاودێری پزیشکییەوە گیانی لەدەستدا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پزیشکی بنکەی تەندروستی سەرەڕای بینینی نیشانەکانی هەناسە تەنگی تۆمەتباری کردووە بەوەی خۆی لە نەخۆشیداوە و ئامادەنەبووە چارەسەری پێویستی بۆ دابین بکات.