بریندار بوونی کۆڵبەری بانەیی خالد ئەحمەدیان بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور

بە پێی ڕاپۆرتی گەشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٤، کۆڵبەرێک بە ناوی خالد ئەحمەدیان، خێزاندار، باوکی چوار منداڵ، خەڵکی ئاوایی “سێوچ”ی بانە، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنوور بە سەختی بریندار بووە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە؛ ناوبراو لە کاتی کۆڵبەریی لە سنووری “هەنگەژاڵ”ی بانە بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوەختە لە لایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە تەقەی لێکراوە و پشتی بە سەختی بریندار بووە.

بە گوتەی سەرچاوەکانی هانا ، ئەم کۆڵبەرە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەیەک لە تەورێز ڕاگوێزراوە و بارودۆخی تەندروستی ناجێگیر ڕاگەینراوە.

شایانی باسە ڕۆژی شەممە ١٨ی گەلاوێژی ئەمساڵ کۆڵبەرێکی دیکەش بە ناوی رەحیم ئەحمەدی خێزاندار و باوکی دوو منداڵ ، خەڵکی بانە، لە سنووری زلەی ئەم شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزه چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران قاچی بە سەختی بریندار بوو.

دیاردەی کۆڵبەری لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی نەبوونی هەلی کار و جیاکاری سیستماتیک لەم ناوچەیە بووەتە کارێکی ڕۆژانە بۆ دەستخستنی بژیوی ژیان ، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ڕۆژانە لە سنوورەکان هێرش دەکەنە سەر کۆڵبەران و بە تەقەی ڕاستەوخۆ زیانیان پێدەگەینن.
بە پێی ئامارە تۆمار کراوەکان لە ناوەندی ئاماری هانا، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ١٢ کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکانی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژراو یان بریندار بوون. ئەم ئامارە بە تایبەتی دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل جێی نیگەرانیە بەو بۆنەوە کە ڕادەی زیانەکانی کۆڵبەران نزیکەی ٣٠٠ لە سەد زیادی کردووە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین