ڕاپۆرتی هانا لە سەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان مانگی ئاوریلی ٢٠٢٥

ئەو ئامار و زانیاریانەی لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە ، لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی مەیدانی لە قوربانییەکان ، خێزانەکانیان و بەڵگەنامە کۆکراوەکان و دواتر لە ڕێگەی سەرچاوە سەربەخۆکانەوە پشتڕاستکراونەتەوە. بۆیە ڕاپۆرتەکە تەنها ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە هانا توانیویەتی بە دڵنیاییەوە دروستی زانیارییەکان پشتڕاست و بڵاویان بکاتەوە .بە پشتبەستن بەو زانیاریانەی کۆکراونەتەوە ، پێشێلکارییە سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ لە بوارەکانی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئازادییە کەسییەکان ، قەدەغەکردنی دەستبەسەرکردنی خۆسەرانە و مافی ژیان ڕوویانداوە .

سەبارەت بە دەستبەسەرکردنە خۆسەرانەکان ، هانا ٢٤ حاڵەتی لە دەستبەسەر کردنە خۆسەرانەکانی شارۆمەندانی کورد لە شارەکانی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی تۆمار کردووە . بە پێی لێکۆڵینەوەکانی هانا ، زۆربەی دەستبەسەر کردنەکان بە شێوەی خۆسەرانە و بەبێ بانگ کردنی پێشوەختە یان بڕیاری دادوەر ئەنجام دراون . زۆربەی دەستبەسەر کردنەکان لە پەیوەندی لەگەڵ تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردیەکانی ئۆپۆزۆسیۆن ، چالاکی ژینگەپارێزی ، مافی ژنان و چالاکی میدیاییەوە بووە . لە نێو دەستبەسەر کراوان ٢کەسیان ژن و ٣ کەسیان مامۆستان .

سەبارەت بە مافی ژیان و سزادانی سێدارە ، لانیکەم ٨ شارۆمەندی کورد لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دراون . لە نێو لە سێدارە دراوکاندا ، ٣ کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئانقەست ، ٤ کەس بە تۆمەتی تاوانەکانی پەیوەست بە مادەهۆشبەرەکان و زیندانیەکی سیاسی بە ناوی حەمید حوسێن نژادحەیدەرانلو بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حزبە کوردیەکان لە سێدارە دراوە .

بە پێی بەڵگەنامە بەردەستەکان ئەم زیندانی لە سێدارە دراوە کوردە لە کەمترین مافەکانی تۆمەتبارێک لە قۆناخەکانی پێڕاگەیشتن بە دۆسیە بە تایبەتیش وەرگرتنی پارێز لە سەرەتای دەسپێکی لێکۆڵینەوەکان بەهرەمەند نەبووە . بە پێی لێکۆڵینەوەکانی هانا دۆسیەکەی ئەو لە سەر داواکاری بەرپرسانی ئەمنی و لە سەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ داڕێژراوە و سزای سێدارەی بە سەردا سەپێندراوە .

قازیەکانی دادگای شۆڕش لە کۆی گشتیدا بۆ ٧ کەس سزای ١١٥ مانگ زیندانیان دەر کردووە کە سەرجەم سزاکان جێبەجێ کراون .

مانگی ئاوریل کوشتنی نایاسایی کۆڵبەران و کاسبکاران لە لایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوور و هێزە ئەمنییەکانەوە بەردەوام بووە . بەم پێیە لانیکەم ٦ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراو یا بریندار بوون .

هەروەها ٣ کەس بە هۆی ڕووداوی سروشتیەوە گیانیان لە دەستداوە و ٣ کەسیش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون .خۆکوشتن ، لانیکەم ٩ کەس ، هەموویان پیاو ، بە هۆی هەژاری و بێکاری لە شارەکان و ئاواییەکانی کوردستان کوتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە . یەک حاڵەتی خۆکوشتنیش لە زیندان ڕوویداوە .

ڕاپۆرتی هانا هەروەها نیشانی دەدات توندوتیژی ناموسی و ژنکوشتن لە شارەکانی کوردستان بەردەوامە . لە مانگی ڕابردوودا ٤ ژن لە لایەن پیاوانی بنەماڵەکان لەوانەش هاوسەر ، باوکی یا برای خۆیان و زۆرتر لەو چوارچێوەیە کە پێی دەگوترێت هۆکاری ناموسی ، کوژراون .

ڕووداوی کاریش کە زۆرتر بە هۆی نەبوونی ئیمەنی و ئەمنییەتی کار و ستانداردە دانپێدانراوەکانی رێکخراوی جیهانی کارەوەیە ، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم ٣ کرێکار لە شوێنی کارەکانیان .

هەروەها لە مانگی ئاوریل ٢ کەس بە هۆی تەقینەوەی مین گیانیان لە دەستداوە .

هەڵسەنگاندنی مانگانەی هانا لە دۆخی دادگاکان بە تایبەت لە پەیوەندی بە دۆسیە سیاسییەکاندا نیشان دەدات کە لە سێبەری پێشهاتە نێودەوڵەتییەکان و دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ، مافی تۆمەتبارانی سیاسی بە شێوەیەکی توندتر لە لایەن دادوەرانی دادگای شۆڕش و هێزە ئەمنیەتیەکانەوە پێشێل کراوە.ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هانامەی  ٢٠٢٥ڤانکۆڤەر-کەنەدا

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین