ناڕوونی چارەنوسی میلاد رەشیدی شارۆمەندی دەستبەسەر کراوی خەڵکی سەقز

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : نزیکەی دوو هەفتەیە شارۆمەندێک بە ناوی “میلاد رەشیدی” خەڵکی سەقز دەستبەسەر کراوە بەڵام تا ئێستا هیچ زانیاریەک سەبارەت بە دۆخ و شوێنی ڕاگیرانی بەردەست نیە .

میلاد رەشیدی تەمەن ٢٩ ساڵ خێزاندار و باوکی منداڵێکە .

سەرچاوەیەک لە درێژەی گفتوگۆ لەگەڵ هانا زیادی کرد ؛ میلاد رەشیدی بە هۆی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و بڵاو کردنەوەی بابەتێک لە سەر هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ، دەستبەسەر کراوە .

 

ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد ، میلاد رەشیدی لە رێکەوتی ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ ، لە شوێنی کارەکەی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاش دەستبەسەر کردنی هێزە ئەمنییەکان هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵەکەی دەستیان بە سەر لاپتۆپ و مۆبایلەکەیدا گرتووە و لەگەڵ حۆیان بردوویانە .

 

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد ؛ میلاد رەشیدی لە ساتی دەستبەسەر کرانیەوە تا ئێستا تەنیا یەکجار پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوسەرەکەی هەبووە .

 

شایانی باسە سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم شارۆمەندە بۆ ئاگادار بوون لە دۆخ و شوێنی ڕاگیرانی ، دامودەزگا ئەمنییەکان وڵامیان نەداونەتەوە و ئەم دۆخەش بووەتە هۆی نیگەرانی جددی بنەماڵە و کەسوکاری .

RELATED ARTICLES

Most Popular