هانا : رۆژی یەکشەممە “١٠ی بەفرانباری ١٤٠٢” شارۆمەندێک بە ناوی “خۆشناو عەینی” خەڵکی ئاوایی “سینگان” سەر بە شنۆ ، کە پێشتر لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆرشی ئەم شارەوە بە سەرۆکایەتی قازی “مەهدی رەزایی” بە تۆمەتی “ئەندام بوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حزبە کوردستانیەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی حکومەتی ئێران” سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو ، بۆ جێبەجێکرانی سزاکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندی شنۆ راگوێزرا .
خۆشناو عەینی لە رێکەوتی "٢٢ی پوشپەڕی ١٤٠١" لە لایەن هێزەئەمنیەکانەوە بێ پێدانی بەڵگەی یاسایی دەستبەسەر کرا و لە کۆتایدا رۆژی "٢ی گەلاوێژی ١٤٠١" بە دانانی بارمتە لە زیندانی شنۆ ئازاد کرابوو .
هەروەها رۆژی "٩ی بەفرانباری ١٤٠٢" پێنج شارۆمەندی دیکە بە ناوەکانی "موحسن عەزیزی ، یوسف رەحمانی ، بەهمەن مەحموودی ئازەر ، یەعقوب مەحموودی ئازەر و پیرۆت تابناک" خەڵکی شنۆ ، بۆ جێبەجێ کرانی سزاکانیان دەستبەسەر و بۆ زیندانی ناوەندی شنۆ راگوێزران .
بە پێی راپۆرتی گەیشتوو ؛ ئەم چوار شارۆمەندە لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆرشی شنۆ بە تۆمەتی "ئەندام بوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حزبەکانی کوردستانی ئۆپۆزۆسیۆنی حکومەتی ئێران" مەحکوم کرابوون و بە پێی حوکمەکان بەهمەن و یەعقوب مەحموودی ئازەر هەر کامەیان بە ٧ ساڵ زیندان ، یوسف رەحمانی بە ٢ ساڵ و ٥ مانگ زیندان ، موحسن عەزیزی بە ٢ ساڵ زیندان و پیرۆت تابناک بە ٢ ساڵ زیندان مەحکوم کران .
یەعقوب و بەهمەن مەحموودی ئازەر خەڵکی شنۆ ، رۆژی دووشەممە"٦ی پووشپەڕی ١٤٠١" لە لایەن هێزەئەمنیەکانەوە دەستبەسەر و پاشان لە رێکەوتی "١٣ و ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠١" بە شێوەی کای کاتی لە زیندانی شنۆ ئازاد کران .
پیرۆت تابناک ، یوسف رەحمانی و موحسن عەزیزی رۆژی چوارشەممە "٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠١" لە لایەن هێزەئەمنیەکانەوە دەستبەسەر کران و لە رێکەوتی ٢٦ و ٢٧ی گەلاوێژی هەمان ساڵدا بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی شنۆ ئازاد کران .
