بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە هاوکارانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: مەنوچێهر ڕەزایی و پەیمان ئەحمەدیان، دوو هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی ئاوای “کەڵەکان” و دانیشتووانی دیواندەرە بۆ زیندانی سنە گوازرانەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زیادی کرد؛ ئەم دوو هاووڵاتییە کە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی مەی٢٠٢٣ لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوون، پاش تۆمارکردنی دۆسیە لە ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی مەی ٢٠٢٣ لە لایەن دادوەر زارعی بۆ بەدواداچوون و دادگاییکردنی زیاتر بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزران.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسداران ئەو دوو هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە و دەستیان بەسەر مۆبایلەکانیاندا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوون.
پێویستە بگوترێ تا ساتەوەختی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردنی پەیمان ئەحمەدیان و مەنوچێهر ڕەزایی لەبەردەستدا نییە.