بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەشتوە: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە” ١٨ی گوڵانی ١٤٠٢، حوکمی لەسێدارەدانی دوو زیندانیی سیاسی ئیدۆلۆژیک بە ناوەکانی “سید سەدروڵڵا (ئەمیر) فازلی زارع ٣٤ ساڵە و یوسف مێهراد” لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی ئیسلام و دژە ئیسلامی لەلایەن لقی یەکەمی دادگای تاوانەکانی ئوستانی مەرکەزی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا و لە زیندانی ئەراک لەسێدارەدران.
ناوەندی ڕاگەیاندنی دادوەری حکومەتی ئیران بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند: دوو تاوانباری دژە ئیسلامی کە لە ڕێگەی چالاکیی ئۆنلاینەوە سووکایەتییان بە پیرۆزییەکانی ئیسلام کردووە،لە سێدارە دران.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای ئیدانەکردنی لەسێدارەدانی ئەو دوو زیندانییە سیاسیە ئیدۆلۆژیە، ڕایدەگەیەنێت کە پێویستە دەستبەجێ سزای لەسێدارەدان هەڵبوەشێتەوە و سزای لەسێدارەدان بە شەرمەزارترین و پیسترین شێوەی کوشتنی بە ئەنقەست دەزانێت.
