سنە؛ گیان لەدەستدانی هاووڵاتیەک بە هۆی ئەشکەنجەی هێزە ئەمنیەتیەکان

هانا: ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی ئوکتۆبری٢٠٢٢، هاووڵاتییەکی ناڕازی بە ناوی”محەمەد لوتفڵاهی” کوڕی باقر خەڵکی سنە، دوای کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەم شارە، بە هۆی ئەشکەنجە گیانی لەدەست دا.

ناڕەزایەتی لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بەردەوامە. لە ڕۆژی ٥ی ئابان بە بۆنەی چلەمین رۆژی گیانلەدەستدانی ژینا (مەهسا) ئەمینی، خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکانی شارەکانی کوردستان و دروشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆریان دەوتەوە. ئەم خۆپیشاندانانە لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دڕەندانە هەڵیانکوتایە سەر خەڵکی نارازی کە خەڵکێکی زۆر کوژران و بریندار بوون. لە شاری مەهاباد لە یەک ڕۆژدا ٥ هاووڵاتی کە دوو ژن و منداڵێک بوون، گیانیان لەدەست داوە، لە بانە ٢ کەس گیانیان لەدەست داوە، لە شاری سنەش ئەمە دووەم حاڵەتی مردنە لە یەک ڕۆژدا.
لە ماوەی ٤٠ ڕۆژی ڕابردووی ناڕەزایەتییەکان، ٢٥٤ کەسی سەرانسەری ئیران کوژراون و ٤٦ کەسیان بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی کوژراون. جێگەی ئاماژەیە هێزە سەرکوتگەرەکانی حکومەتی ئیران خەڵکی نارازیان بە تەقەی ڕاستەوخۆ دەیانکەنە ئامانج و دەیانکوژن. نزیکەی ٤٥ کەس لە کوژراوەکان منداڵن.
 

RELATED ARTICLES

Most Popular