هانا: رۆژی سێشەممە ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠١ – (٥ی ژولای ٢٠٢٢)، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران کاتژمیر ٦ی بەیانی سێ شارۆمەندی کورد بە ناوەکانی عوسمان دڵسۆز تمەن ٦٤ ساڵ و عەبدوڵڕەحیم دلسۆز (هەژار) تەمەن ٢٤ ساڵ و کوڕی عەلی و خەڵکی گوندی “زیوکە” و هەروەها ئاکام خزرزادە تەمەن ٢٥ ساڵ و کوڕی رەسووڵ و خەڵکی ئاوایی “کانی بداغ” لە ناوچەی پیرانشاریان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان بردوون.
بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، هێزە ئەمنییەکانی حکومەت سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو شارۆمەندانە و وێڕای پشکنینی ماڵەکەیان دەستیانبەسەر لەپ تاپ و موبایلەکانیاندا گرتوون.
تا کاتی ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە زانیاری وردتر لە سەر چارەنووس و شوێن و هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە لەبەردەستدا نییە.
