ڕاپۆرتێک لە سەر بارودۆخی بەندکراوێکی سیاسی کورد

بەپێی ڕاپۆرتی هاوکارانی هانا، شارۆمەندێکی کورد خەڵکی ئیلام بە ناوی ” کوروش هەواسی” دانیشتووی ئیلام کە  دوو مانگ لەوەپێش بە تۆمەتی چالاکی سیاسی دەستبەسەر کرابوو، هێشتاکەش چارەنووسی  نادیارە.

بە پێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم شارۆمەندە کوردە کە پێشتر لە هەرێمی کوردستان ئەندامی پارتی ئازادی کوردستان بووە دوای جیابوونەوە لەو حیزبە لە هەولێر سەرقاڵی کرێکاری بووە. پاش گەڕانەوە بۆ ئێران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گیراوە و دوای ماوەیەک ئازاد کراوە. بەڵام دوای تێپەڕ بوونی ماوەیەکی کەم لە ئازاد کرانی کە بە وتەی ئەم سەرچاوە هەواڵنێریە نزیک بە دوو مانگ لەمەوبەر ڕاگەیەندراوە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی سپاوە لە ئاوایی "کارزان" سەر بە ئیلام بە هۆکاری نادیار گیراوە و دراوەتە بەر ئازار و ئەشکەنجە.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانای ڕاگەیاند، لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا هیچ هەواڵێ لە بارودۆخی ئەم بەندکراوە سیاسیە لە بەردەستدا نییە و وێڕای نیگەرانی و بەدواداچوونی چەندین جاری کەسوکاری ئەم شارۆمەندە کوردە، هێزەکانی ئیتلاعات هیچ بەرپرسایەتییەک لە بەرامبەر گرتنی  کوروش هەواسی بە ئەستۆ ناگرن.

شایانی باسە، ڕۆژی ٥ی جۆزەردان۱٤۰۱ی هەتاوی  ئەندامێکی پێشووی پارتی ئازادی کوردستان بە ناوی "سیاوەش بەهرامی" دوای سێ ڕۆژ ئازادی لە بەندیخانە بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەستدا و ئەم بابەتە کەسوکاری کوروش هەواسی دڵگران کردووە کە ئەویش تووشی چارەنووسی برادەرەکەی نەبێ.
 

RELATED ARTICLES

Most Popular