هانا: بەپێی ڕاپۆرتی هاوکارانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لانیکەم شەش شارۆمەندی کورد لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتی ئەم دواییانەی کاسبکاران و فەرمانبەران لە ئیلام لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناسنامەی یەکێک لە بەند کراوەکان "یونس بەختی" تەمەن ٦۰ ساڵ و یەکێک لە وتەبێژانی ناڕەزایەتیەکان و یەکێک لە باوەڕ پێکراوانی کاسبکارانی ئیلامە.
لە هەمبەر ماف و ئازادییەکانی شارۆمەندان بۆ دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆیان و پێکهێنانی کۆڕ و کۆمەڵ و رێکخراو بۆ گەیشتن بە مافەکانیان، جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە حکومەتی ئێرانیش واژۆی کردووە، بە روونی ئاماژەی پێ دەکا و لە خوارەوە چەند بەند وەک خۆی دێنین.
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.
بەندی ٢٠- هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە ئازادانە ئەنجومەن و کۆڕ ۆ کۆبوونەوە و رێکخراو و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانە پێکبێنێ.
