هانا: بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، رۆژی سێشەممە ٢٤ی جۆزەردانی ١٤٠١-(١٤ی ژوئەنی ٢٠٢٢)، سێ لاوی کورد خەڵکی ئاوایی “هانەگەرمەڵە” لە ناوچەی هەورامان، لە کاتی گواستنەوەی بێنزین بە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە ئەنباری سووتەمەنییەکەیان، دووانیان گیانیان لەدەستداوە و یەکیشیان بریندار بووە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، "میلاد کەریمی" تەمەن ١٩ ساڵ لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە و هەروەها "سۆران عەلی محەممەدی" تەمەن ١٧ ساڵ و "پوریا محەممەد عەزیزیان" تەمەن ١٨ ساڵ بە خەستی سووتاون و بریندار بوون. لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە، بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەیەکی کرماشان گوازراونەوە و لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دان. بەڵام بەداخەوە "محەممەد عەزیزیان" تەمەن ١٨ ساڵ بە هۆی کاریی بوونی برین و سووتاوەکانی گیانی لەدەستداوە.
ئەم سێ لاوە بە هۆی بێکاری و هەژارییەوە پەنایان بردووەتە بەر دیاردەی مەترسیداری "سوختبەری" واتە گواستنەوەی سووتەمەنی و ئەم رووداوەش لە ئەنباری بێنزینەکەیاندا هاتووەتە ئاراوە.