هانا: لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەساڵاچوویەکی خاوەنپێداویستی تایبەت لە ناوەندی پیران و بەساڵاچووانی “جامی جەم”ی سنە بە هۆی ناڕەزایەتی بە کەم بوونی خواردن بە بڕیاری بەڕێوبەر و بە دەستی فەرمانبەران ئازار و ئەشکەنجە دراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هاوکارانی هانا، س.م بە هۆی ئەشکەنجەوە دەستی چەپی شکاوە و دەستی ڕاست و زۆربەی ئەندامانی جەستەی شین بووەتەوە و دواتر بۆ چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گوازراوەتەوە و دوای لە گەچ گرتنی دەستی گەڕاندویانەتەوە هەر بۆ ئەو ناوەندەی کە ئازاریان دابوو.
لە درێژەی ئەم هەواڵەدا هاتووە، ئازار و ئەشکەنجەی ئەم شارۆمەندە "س . م" دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بە کەمبوونی خواردن ناڕازی بووە و لە سەر بڕیاری بەرپرس و بەڕێوەبەری ماڵی پیران و بەساڵاچووانی "جامی جەم"ی سنە فەرمانبەرێکی ناوەندەکە بردوویەتە تەوالیت و لێیداوە و ئەشکەنجەی کردووە.
کەمپەینی خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، ناوی ئەم شارۆمەندەی "س . م" تەمەن نزیکەی ٧٠ ساڵی راگەیاندووە. هەروەها ئەوەشی پشتڕاست کردووەتەوە ئەم شارۆمەندە بە هۆی پیری و بەساڵاچوونی ناتوانێ بەڕێدا بڕوا بۆیە لە ویلچێڕ کەڵک وەردەگرێ.