هانا: سەعات ٢١ی شەوی رابردوو پێنجشەممە ٢٩ی گوڵانی ١٤٠١-(١٩ی مەی ٢٠٢٢)، چوار لاوی خەڵکی مەریوان لە نزیک ئاوایی “گوێزەکوێرە” لە حاڵێکدا کە ماشێنەکەیان وەرگەڕاوە، گوروپە سەلەفییەکان بە تەور و تێڵا و قەمەوە هێرشیان کردوونە سەر و بە توندی برینداریان کردوون.
ناوی ئەم بریندارانە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاتووە و بریتن لە: "ئەفشین ئاقایی" تەمەن ٢٨ ساڵ، "تەحسین فەرەجی"، ئەحسەن فەرەجی" تەمەن ٢٧ ساڵ و "دلێر عەلی مرادی" خەڵکی مەریوان.
هاوکارانی هانا لە درێژەی ئەم راپۆرتەدا رایانگەیاندووە، سەرەڕای ئەوەی کە ئەو چەقۆکێشە سەلەفییانە زانراوە کێن و ناسراون، بەڵام ناوەندە ئەمنی و هێزە ئینتزامییەکان هێچ کاردانەوەیەکیان نەنواندووە و هەنگاوێکیان هەڵنەگرتووە.
شایانی باسە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، سەلەفییەکان لە کوردستان بە ئازادی خەریکی جمجۆڵن و ناوەندە ئەمنی و هێزە ئینتزامییەکانیش ژێربەژێر پشتیوانییان دەکەن و لە کردەوەشدا کاتێک هەڵدەکوتنە سەر خەڵک، هەڕەشە لە ژیانی شارۆمەندان دەکەن و ئاسایشی خەڵک و شارەکان دەشێوێنن، ناوەندە ئەمنی و قەزایی و ئینتزامییەکانی حکومەت ئازادییان پێ دەدەن و دەستیان ئاوەاڵە دەکەن.
