هانا: بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، حکومەتی ئیسلامی ئێران چەند رۆژە بە بەردەوامی هێزێکی زۆری چەکداری رژاندۆتە شارەکانی کرماشان و سنە و کەشی ئەمنییەتی و شەڕی بە سەر ئەو شارانەدا سەپاندووە. بەپێی ئەم راپۆرتە ئەو هێزانە لە ناوەندی شارەکان و لەوانە لە کرماشان لە گەڕەکی “دەڕە درێژ” (مەهدییە) بڵاوبوونەوە.
میلیتاریزە کردنی شارەکانی کوردستان لە کاتێکدایە کە لە زیاتر لە ١٠ شاری ئێران کۆڕ و کۆبوونەوە و خۆپیشاندنی ناڕەزایەتی بە باری خراپی بەڕێچوون و دۆخی داڕماوی ئابووری و بەڕێوەبەرایەتی سەقەتی وڵات بەڕێوەدەچێ. بەشێک لەو ناڕەزایەتییانە لەگەڵ توندوتیژی و تەقەی هێزە چەکدار و ئەمنییەکانی حکومەت بەرەروو بوونەوە و هێزەکانی حکومەت بە توندترین شێوە خەڵكی ناڕازییان سەرکوت کردووە و لە ئاکامی تەقەی هێزەکانی حکومەتدا لانیکەم ٢ کەس لە دیزفول و ئەندیمشک گیانیان لەدەستداوە و ٣٠٢ کەسیش لە خوزستان و لوڕستان لەلایەن هیزەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر کراون.
