هانا: ئەمڕۆ شەممە ١ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ – (٢٣ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، بە هۆی وەرگەڕانی ماشێنێکی هەڵگری کۆڵبەران لە “داڵانی” هەورامان سێ کۆڵبەر گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی راپۆرتی هاوکارانی هانا، ناسنامەی ئەم شارۆمەندانەی گیانیان لەدەستداوە "حامید عەبدوڵڵاهی" و "جەبار ئەسەدی (کاوان)" خەڵکی ئاوایی "قەڵاشێخان" و ئەوی دیکەش "بەختیار ئیوازە" خەڵکی ئاوایی "تووسووران" لە ناوچەی سەرشیوی مەریوان راگەیەندراوە. پێشتر راگەیەندرابوو ئەم سێ کۆڵبەرە خەڵکی "کۆماسی"ن بەڵام هاوکارانی هانا رایانگەیاندووە خەڵکی ئاواییەکانی قەڵاشێخان و تووسوورانن.
شایانی باسە ناسنامەی ئەو سێ کۆڵبەرەی بریندار بوون "عوسمان نیکرووز (کاروان)" خەڵکی ئاوایی "قەڵاشێخان" و "سادق رەوشەنی" و "بەختیار رووزبێه" راگەیەندراوە.
کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە و لە راستیدا کار نییە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شار و ناوچەکانی سەرسنوور لەبەر نەبوونی کار بە مەبەستی پەیدا کردنی بژیوی بنەماڵەکەیان بە ناچار روویان کردووەتە کۆڵبەری. ئەم باروودۆخەی کە حکومەتی ئیسلامی ئێران بۆ خەڵکی کوردستانی خوڵقاندووە پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە و بەرپرسایەتی ئەم رووداوە دڵتەزێن و پێشێلکارییانەی مافەکانی مرۆڤ دەکەوێتە ئەستۆی حکومەت.
هەروەها نائەمن بوونی رێگاوبانەکان بە هۆی ناستاندارد بوونی جادەکان و ماشێنەکان ساڵێ ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستان دەکاتە قوربانی و ئەم رووداوانە هەر دێ و روو لە هەڵکشانە و جادەکانی کوردستان بە جادەی مەرگ ناویان دەرکردووە.
بە گشتی بەپێی ئامار، رۆژانە ٥٠ کەس لە جادەکانی ئێران دەبنە قوربانی رووداوی هاتوچۆ و بە پێی ئامارەکانی نێودەوڵەتییەکان، ئێران لە باری رووداوی هاتوچۆ و رێگاوبانەکان لە پلە ٨ دایە.
