پیرانشار: دەستبەسەرکرانی شارۆمەندێکی کورد دوای بریندار کردنی 

هانا: بەپێی هەواڵێک کە بە هانا گەیشتووە، رۆژی چوارشەممە ١٤ی رەزبەری ١٤٠٠ – (٦ی ئۆکتوبری ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کوردی خەڵکی پیرانشار دوای ئەوەی لەلایەن هێزە چەکدار و ئەمنییەکانی حکومەتەوە تەقەی لێکراوە و بریندار کراوە، بە برینداری دەستبەسەر کراوە. 

بەپێی ئەم راپۆرتە، ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "هیوا مووسازادە" خەڵکی ئاوایی "خراپە" لە ناوچەی پیرانشار راگەیەندراوە.  شایانی باسە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەم شارۆمەندەدا بە بێ ئەوەی لە پێشدا ئاگاداری بکەنەوە یا دەنگی بدەن تەقەیان لێ کردووە و لە ئاکامدا لاقی بریندار بووە. ناوبراو دوای دەسبەسەرکران بە برینداری کەوتووەتە بەر شاڵاوی ئەشکەنجە و ئازاری هێزە چەکدار و ئەمنییەکانەوە. 

جێگای ئاماژەیە بەپێی هەموو بەها و بایەخە ئینسانییەکانی باوی جیهان و جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و پەیمان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، تەقە کردن لە شارۆمەندانی مەدەنی پێشێلکاری ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە و هەروەها ئێستا کە ئەم شارۆمەندە بریندارە و لە بەردەست هێزە ئەمنییەکانی حکومەتدایە، ناوەندە قەزاییەکان بەپرسی گیانی ئەم شارۆمەندن. هەنووکە لە پلەی یەکەمدا خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانی مافی بێ ئەملاولای ئەم شارۆمەندەیە و بوونی پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەشی لە چوارچێوەی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤدایە کە حکومەتی ئیسلامی ئێرانیش واژۆی کردووە. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular