هانا: بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، “شاکر بێهرووزی” بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، سزای ناوبراو لە ماوەی رۆژانی رابردوودا لەلایەن لقی ٣١ی دادگای باڵای وڵاتەوە لە قوم پەسند کراوە و دواتر پێی راگەیەندراوە.
ناوبراو بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ "کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران" و کوشتنی "مامڵ محەممەدی" لە کادرەکانی سپای پاسداران کە لە بەفرانباری ساڵی ١٣٩٧دا لە "مەرگەوەڕ" کوژرا، سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.
شایانی باسە، "شاکر بێهرووزی" خەڵکی ئاوایی "دیزەج" لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێیە و خەڵکی مرۆڤدۆستی ئەو ئاواییە لە نامەیەکی هاوبەشدا بۆ دامودەزگای قەزایی و ناوەندەکانی حکومەت خوازیاری هەڵوەشانەوەی سزای سێدارە بۆ ئەم شارۆمەندە کوردە بوون.
