بەردەوامیی لەسێدارەدانی ناڕازییان لە ئێران؛ جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەمیرحوسێن مەلەکی و ئەمیرحوسێن ئیبراهیمی لە ئەسفەهان

بەپێی ڕاگەیندراوی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، سزای سێدارەی ئەمیرحوسێن مەلەکی، تەمەن ٢٠ ساڵ و کەسێکی دیکە کە لە ڕاگەیەندراوی فەرمیدا بە «ئەمیرحوسێن ئیبراهیمی» ناسێنراوە، لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار لە ئەسفەهان جێبەجێ کراوە.

بەرپرسانی دادوەری ئەم دوو گەنجەیان لە پەیوەندی لەگەڵ ڕووداوەکانی ١٨ی بەفرانبار لە مەیدانی عەلیخانیی ئەسفەهان و کوژرانی چوار مەئمووری هێزی ئینتزامی، بە تۆمەتی «محاربە» و «ئەفساد فی‌ئەرز» بە لەسێدارەدان مەحکووم کردبوو.

دۆسیەی ناسراو بە «مەیدانی عەلیخانی» لەگەڵ دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی ناڕازییان و دەرکردنی چەندین سزای لەسێدارەداندا بووە. ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤیش حاڵەتە جیدییەکانی پێشێلکردنی مسۆگەرییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، بێبەشکردن لە دەستڕاگەیشتنی کاریگەر بە پارێزەری سەربەخۆ، ئەشکەنجەدان و بەکارهێنانی دانپێدانانی زۆرەملێیان دژی تۆمەتبارانی ئەم دۆسیەیە ڕاپۆرت کردووە.

بەردەوامیی لەسێدارەدانی ناڕازییان لە بارودۆخی پەرەسەندنی سەرکوتی ڕێکخراو و کەشی خنکێنەر و سنووردارکردنە ئەمنییەکانی دەرئەنجامی شەڕ، نیگەرانییە جیدییەکانی سەبارەت بە بەکارهێنانی سزای مەرگ وەک ئامرازێک بۆ ترساندنی کۆمەڵگە و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان زیاد کردووە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە جێبەجێکردنی سزاکانی لەسێدارەدان لە دوای دادگاییکردنگەلێکی بێبەش لە مسۆگەرییە بنەڕەتییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، پێشێلکردنی جیدیی مافی ژیان و پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین