پیرانشار: ئاشکرا بوونی ناسنامەی ژنێکی کورد کە لەلایان  هاوسەرەکەیەوە کوژراوە

هاوکارانی ڕێکخراوی مافی مروڤی هانا ناسنامەی ژنێکی کوردی خەڵکی پیرانشاریان ئاشکرا کرد کە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژراوە.

بەپێی راپۆرتەکان، "جەیران پووریەعقووب " خەڵکی پیرانشار، رۆژی هەینی ۱۳ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (٤ی ژوئەنی ٢٠٢١)، لە لایەن هاوسەر و برای هاوسەرەکەیەوە کوژڕاوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی "پووریەعقووب" بە ڕیکخراوی مافی مروڤی هانای ڕاگەیاند، بەپێی دانپێدانانی بکووژەکان و بەڵگەکان "جەیران پووریەعقووب" لە کاتی سەفەردا لە لایەن هاۆسەرەکەیەوە ئەشکەنجە دراوە و پاش بوورانەوەی  ناوبراو لە ژیر ئەشکەنجە و ئازاردا، ئەیخەنە ناو کیسەی پەلاستیک و لە شوێنێک نزیک بە شاڕی "نوور" سەر بە پاڕیزگای مازەندەران ئاگری ئەدەن و دواتر ئەیکەنە بن گڵەوە. 

جێگای خۆیەتی لیرەدا ئاماژە بەمە بکەین ژنانی ئێران بە پێی یاساکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە گەلێک مافی ئینسانی بێبەشن و یاسا بە شێوەی یەکسان و بەرابەر پشتگیری لە ژنان ناکا. سیستەمێکی تەواو پیاوسالار بە سەر کۆمەڵگای ئێراندا زاڵە و جگە لە دواکەتوویی فەرهەنگی و کولتووری گەلێک بەندی یاسایی هەن کە پاڵنەر و هاندەرن لە کۆمەڵگادا بۆ ئەوەی پیاوان لەگەڵ هاوسەر، کچ یان بە گشتی لەگەڵ ژنان بە ئارەزووی خۆیان هەڵسووکەوت بکەن و دەستیان بۆ توندوتیژی ئاواڵە دەکا. هەوەوها هیچ بەرنامەیەک بۆ پەروەردەیەکی ئینسانی و پێشکەوتوو بۆ کۆمەڵگا و نەوەکانی داهاتوو لە ئارادا نییە و ئەم کولتوور و پەروەردە سەقەتەی کۆمەڵ بۆ دژایەتی ژنان بە بەردەوامی و پشتاوپشت دەپارێزرێ و دەمێنێتەوە. 
ئەمە لە حاڵێکدایە بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ کە حکومەتی ئێرانیش واژۆی کردووە، هەموو ئینسانێک چ ژن و چ پیاو مافی بەرابەر و یەکسانیان لە هەموو بوارەکانی ژیان و کۆمەڵگادا هەیە. هەروەها ئەمنییەت و ئاسایشی شارۆمەندان دەکەوێتە ئەستۆی دەوڵەت و دەسەڵات و بەڕێوەبەرانی وڵات. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular