مەریوان: نادیاربوونی چارەنووسی “کامڕان داستان” دوای ٨ رۆژ لە دەستبەسەرکرانی 

هانا: رۆژی شەممە ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٠ هێزە چەکدارەکانی ئیتلاعاتی سپا لە شارەدێی “نێ”ی مەریوان شارۆمەندێکیان دەستبەسەر کرد و لەگەڵ خۆیان بردیان. 

ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "کامڕان داستان" راگەیەندراوە. ناوبراو دوای دەستبەسەر کرانی رەوانەی گرتووخانەی سپا لە سنە کراوە. 
ئێستا سەرەڕای تێپەڕبوونی ٨ رۆژ بە سەر دەستبەسەر کرانیدا هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکاری گرتن و چارەنووسی ئەم شارۆمەندە کوردە لەبەردەستدا نییە. 

دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی، بێسەروشوێن کردنی شارۆمەندان و نەدانی هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان بە بنەماڵەکانیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. شایانی باسە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردووە بەڵام رۆژ نییە چەند جار لەلایەن ناوەند و دامودەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و بەڕیوەبەرانی یاساوە پێشێل نەکرێ.  

لە پێوەند لەگەڵ ماف و ئازادییە دێموکراتیکەکانی تاک لە کۆمەڵگادا، بەندەکانی ٣، ٩ و ١٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ بەم جۆرەی خوارەوە دەڵێ: 

بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە. 
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ. 
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا. 

هەروەها مافی بەهرەمەند بوونی تۆمەت لێدراو و دەسبەسەرکراوان بۆ هەبوونی پارێزەر و وەکیل، دەستڕاگەیشتن بە دادگایەکی ئاشکرای بێ لایەن و دادپەروەر لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و هەر زیندانی و دەسبەسەرکراوێکە. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular