هانا: ئارام فەتحی شاعیر و چالاکی مەدەنی خەڵکی مەریوان بۆ بەندی قەرەنتینەی بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان راگوێزرا.
ئەم شارۆمەندە کوردە لە سەردەمی دەستبەسەری خۆیدا مافی دەستڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی لێ زەوت کراوە و نەیانهێشتووە دەرمانەکانی بگاتە دەستی.
ئارام فەتحی نەخۆشی رۆماتیسمی هەیە و هەر بە ٢ حەوتوو جارێک لەلاین دوکتوری شارەزاوە دەرزییەکی لێ دەدرێ.
"ئارام فەتحی"رۆژی پێنجشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (١٧ی ژوئەنی ٢٠٢١)، لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کرا.
مەئموورانی ئیتلاعاتی سپا رۆژی پێنجشەممە ٢٧ی جۆزەردان رژابوونە سەر ماڵی "ئارام فەتحی" و وێڕای قۆڵبەست کردنی ناوبراو، دەستیان بە سەر لەپ تاپ و موبایل و کەلوپەلەکانیدا گرتبوو.
شایانی باسە ئارام فەتحی پێشتر بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی و هونەری چەندین کەڕەت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و ئەشکەنجە و ئازار دراوە.
بەپێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە حکومەتی ئێرانیش واژۆی کردووە مافی بەهرەمەند بوون لە پزیشک و دەرمان هەروەها دەستڕاگەیشتن بە وەکیل و پارێزەر و دادگایەکی بێ لایەن و دادپەروەر لە مافە سەرەتاییەکانی هەر مرۆڤێکی دەستبەسەرە.