هانا: رۆژی هەینی ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (١٨ی ژوئەنی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کورد خەڵکی ورمێ لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپاوە بۆ بەندیخانەی ناوندیی ئەو شارە گوێزرایەوە.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "نائیب عەسکەری" خەڵکی ورمێ راگەیەندراوە.
بەپێی راپۆرتێک کە گەیشتووە، ناوبراو لە ٧ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حزبێکی کوردی نەیار حکومەتی ئێران لە لایەن ئیتلاعاتی سپای ورمێ دەستبەسەر کراوە و دوای ٣ مانگ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوێزراوەتەوە.
ئازادی دەربڕینی بیروباوەڕ یا ئەندامەتی و لایەنگری لە حزب و رێکخراوی سیاسی و مەدەنی لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە لە کۆمەڵگای ئازاد و دێموکڕاتدا و هەروەها جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ ئەم مافە بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا وەک مافێکی سروشتی و بێ ئەملاولا چاولێدەکا و لە بەندەکانی خۆیدا گونجاندوویەتی. شایانی باسە وڵاتی ئێرانیش یەکێک لەو وڵاتانەیە واژۆی کردووە و هەرچەندە لەم جاڕنامەیەدا رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بە ئەرکی سەر شانی حکومەتی وڵاتەکانی دادەنێ رێز لە بەندەکانی ئەم جاڕنامەیە بگرن و بۆ ڕەچاو کردنی ئەم بەندانە بە بەرپرسیان دەزانێ، بەڵام حکومەتی ئێران بایەخی پێ نادا و هەموو رۆژێ و بەردەوام بە پانایی وڵاتی ئێران مافی شارۆمەندانی ئەم وڵاتە و خەڵکی کوردستان پێشێل دەکا.