سنە: “عەلی ئەڵڵاوەیسی” چالاکی مەدەنی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا 

هانا: رۆژی یەکشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (١٣ی ژوئەنی ٢٠٢١)، چالاکی مەدەنی “عەلی ئەڵڵاوەیسی” خەڵکی سنە دوای ٣٥ رۆژ دەستبەسەری و بێ خەبەری لە چارەنووسی، بە دانانی بارمتە و بۆ ماوەی کاتی لەلایەن گرتووخانەی ئیتلاعاتی سنەوە ئازاد کرا. 

"عەلی ئەوڵڵاوەیسی" تەمەن ٤٨ ساڵ و یەکێک لە چالاکانی پارێزەری مافی دەستفرۆشان لە کوردستان، رۆژی ٩ی مەی ٢٠٢١ لەلایەن هێزێکی چەکدارەوە هێرشی کرایە سەر و سەرەڕای ئەوەی دەستیان بەسەر کەلوپەلەکانیدا گرت، ناوبراویشیان دەستبەسەر کرد و لەگەڵ خۆیان بردیان. 
جێگای ئاماژەیە "عەلی ئەڵڵاوەیسی" پێشتریش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ژێر گوشار و زەخت و زۆر دابوو و دەستبەسەریش کرابوو. 

دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی، بێسەروشوێن کردنی شارۆمەندان و نەدانی هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان بە بنەماڵەکانیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. شایانی باسە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردووە بەڵام رۆژ نییە چەند جار لەلایەن ناوەند و دامودەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و بەڕیوەبەرانی یاساوە پێشێل نەکرێ.  
جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لە بەندەکانی ٣، ٩ و ١٩دا ئاماژە بە ئەمنییەت و ماف و ئازادییە دێموکراتیکەکانی شارۆمەندان دەدات کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە. 

بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە. 
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ. 
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا. 

هەروەها مافی بەهرەمەند بوونی تۆمەت لێدراو و دەسبەسەرکراوان بۆ هەبوونی پارێزەر و وەکیل، لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و هەر زیندانی و دەسبەسەرکراوێکە. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular