هانا: رۆژی دووشەممە ٢٤ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (١٤ی ژوئەنی ٢٠٢١)، هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیران لە سەر سنووری نەوسوود تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کرد و لە ئاکامدا ٢ کۆڵبەر بریندار بوون.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندانە "بەشیر ئەحمەدزادە" و "بەسیر ئەحمەدزادە" راگەیەندراوە. جێگای ئاماژەیە ئەم شارۆمەندانە دوای ئەوەی بریندار بوون، گوازراونەوە بۆ نەخۆشخانەی پاوە.
شایانی باسە لەم دوو رۆژەدا تەنیا لە سنووری نەوسوود ئەمە سێیەم شارۆمەندی کوردە لە کاتی کۆڵبەریدا لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە بە ئەنقەست تەقەیان لێ دکری و بریندار دەبن. هەر وەک پێشتر رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا رایگەیاندبوو، رۆژی شەممە ٢٢ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (١٢ی ژوئەنی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کورد بە ناوی "وەلی رۆستەمی" خەڵکی ئاوایی "پشت کوڕ" لە ناوچەی سەلاسی باوەجانی، لە سەر سنووری نەوسوود بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بریندار بوو.
هەروەها هەر ئەو رۆژە واتە رۆژی شەممە ٢٢ی جۆزەردان، تەرمی کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "یەحیا وەیسی" خەڵکی ئاوایی "مەیدان تفڵی" لە ناوچەی سەلاسی باوەجانی لە بەرزاییەکان سەر سنووری نەوسوود دۆزرایەوە کە لە کاتی کۆڵبەریدا لە چیار رژدەکان هەڵدێردرابوو و بەرببۆوە و لە ئاکامدا گیانی لەدەستدابوو.
کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە و لە راستیدا کار نییە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شار و ناوچەکانی سەرسنوور لەبەر نەبوونی کار بە مەبەستی پەیدا کردنی بژیوی بنەماڵەکەیان بە ناچار روویان کردووەتە کۆڵبەری. نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە.
خاڵی یەکەم لە بەندی ٢٥ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ مافە کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەکانی شارۆمەندان لە کۆمەڵگا و وڵاتدا دیاری دەکا و لە ئەگەری نەمانی توانای بەڕێچوونی ژیان یا بێکاری ئەرک دەخاتە سەر شانی حکومەت تا بژیوی ژیان و بەڕێچوونی شارۆمەندان بە شێوەی ستاندارد و باش دابین بکات. لە خوارەوە دەقی نووسراوەکە دێنین و شایانی باسە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە.
بەندی ٢٥ خاڵی یەکەم: هەر کەس مافی ئەوەی هەیە بە مەبەستی دابینکردنی تەندروستی و ئاسوودەیی خۆی و بنەماڵەکەی بەتایبەتی لە باری خوراک، جلوبەرگ، شوێنی نیشتەجێ بوون وەک ماڵ و خانووبەرە، خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانی، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، ئاستێکی ستاندارد و باش لە ژیانی هەبێ. هەروەها مافی ئەوەی هەیە لە کاتی بێکاری، نەخۆشی، لەدەستدانی ئەندام یا ئەندامانی لەشی، لەدەستدانی مێرد یا ژن، بەساڵاچوون و پیری، لە تەواوی ئەم حاڵەتانەدا کە بێ ئیرادە و بڕیاری خۆی کەرەسە و ئامرازەکانی بژیوی ژیان و بەڕێچوونی لەدەستداون، لە باری کۆمەڵایەتییەوە ژیانی دابین بکرێ.