بانە: کۆڵبەرێک بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی حکومەتی ئێران بریندار بوو 

هانا: رۆژی پێنجشەممە ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (١٠ی ژوئەنی ٢٠٢١)، کۆڵبەرێکی کورد بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بریندار بوو. 

ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "رەحمان کەریمپوور" خەڵکی ئاوایی "سیویچ" راگەیەندراوە. ئەم رووداوە لە بەرزاییەکانی سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە روویداوە. 
ناوبراو بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی بانە گوازراوەتەوە. 

کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ناوچە سنوورییەکان لەبەر بێکاری و هەژاری روویان کردووەتە ئەم کارە. دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتی وڵات ئەرکی سەر شانی حکومەتی هەر وڵات و کۆمەڵگایەکە بەڵام لە کوردستان بە هۆی هەڵاواردن و سیاسەتی جیاوازی دانانی بە ئەنقەست و بەردەوامی حکومەت لە باری ئابوورییەوە بۆ سەر خەڵکی کورد، بووەتە مایەی پەرەسەندنی بێکاری، نەداری و هەژاری لەم کۆمەڵگایەدا. 
نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن یا گرتن و ئەشکەنجە کردنیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular