هانا: لە درێژەی دەستبەسەر کەدنی شارۆمەندان و چالاکانی ژینگەپارێز، رۆژی پێنجشەممە ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (١٠ی ژوئەنی ٢٠٢١)، چالاکێکی ژینگەپارێز بە ناسنامەی “فەرانەک جەمشیدی” لە سنە دەستبەسەر و بۆ بەڕێوەچوونی حوکمەکەی رەوانەی بەندیخانە کرا.
فەرانەک جەمشیدی دوای ئەوەی بانگ کرایە لقی ٤ی دادگای شۆڕشی سنە، دەستبەسەر و بۆ تێپەڕ کردنی ساڵێک زیندان کە بە سەریدا سپاوە، رەوانەی بەندیخانەی ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە کرا.
فەرانەک جەمشیدی، ئەندامی کۆمەڵی کوردستانی سەوزە و رێکەوتی ٨ی پووشپەڕی ١٣٩٩ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کرا و پاش چوار مانگ و نیو، رێکەوتی ٢٠گەڵاڕێزان بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەن بۆ ماوەیەکی کاتی ئازاد کرا.
حکومەت و بەڕێوەبەرانی وڵات دەبێ مەجالی ئازاد ژیان بۆ هەر مرۆڤ و تاکێکی کۆمەڵگا بڕەخسێنن تا ئازادانە رای خۆی دەربڕێ و گەشە بە بیر و بۆچوونی بدا کە مافی خۆیەتی. ئازادی بەیان و دەربڕینی بیروڕا لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە و لە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤدا بە ڕوون و ئاشکرا هاتووە و وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە. کەس نابێ لە دەربڕینی بیر و باوەڕی بترسێ و لەسەر جۆری بیرکردنەوەی دەستبەسەر یا ئەشکەنجە بدرێ و ئەمنییەتی بکەوێتە مەترسییەوە، ئەم خاڵانە لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤە. پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ لە کۆمەڵگای ئێراندا لەلایەن حکومەت و دەزگای داد و بەڕێوەبەرانی یاساوە، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە و بایەخ نەدانە بە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە.