کرماشان: گیانلەدەستدانی کرێکارێک بە هۆی رووداوی شوێنی کار 

هانا: بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئەمڕۆ شەممە ١٩ی خرمانانی ١٤٠١، کرێکارێکی بیناسازی لە کاتی کار کردندا لە کرماشان بە هۆی رووداوی شوێنی کار گیانی لەدەستداوە. 

بەپێی ئەم راپۆرتە، ناوی ئەم شارۆمەندە کوردە عەزیزمراد کەریمی کندولە و تەمەن ٦٣ ساڵ، خەڵکی ئاوایی "کندولە" و نیشتەجێی کرماشان راگەیەندراوە. 

لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە ناوبراو گەچکاری بیناسازی بووە و لە کاتی کار کردندا بە هۆی نەبوونی ئەمنییەتی شوێنی کار لە سەر داربەستەوە بەربۆتەوەخوار و گیانی لەدەستداوە. 

پێڕانەگەیشتن و گوێنەدانی بەرپرسان بە سەر شێوەی کار و دۆخی کرێکاران و ئەمنییەتی شوێنی کاردا، لەولاشەوە کەمتەرخەمی خاوەنکاران لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەبوونی ئەمنییەتی شوێنی کارە و ئەم بارودۆخە بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە کرێکاران لە ساڵدا بە هۆی رووداوی شوێنی کار گیانیان لە دەست بدەن یا بریندار بن. هەر بۆیە وڵاتی ئێران لە باری ئەمنییەتی شوێنی کارەوە لە سەر ئاستی جیهان لە پلەی ١٠٢دایە و بووەتە وڵاتێکی زۆر نائەمن بۆ کرێکاران.   

RELATED ARTICLES

Most Popular