بۆکان: نەبوونی ئەمنییەت بۆ شارۆمەندان و بێ کیفایەتی بەرپرسان و پۆلیس 

هانا: شەوی شەممە ١٥ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (٥ی ژوئەنی ٢٠٢١)، کچێکی منداڵکار لەلایەن چەند ماتۆرسوارەوە هێرشی کرایە سەر و بە قەمچی لێیاندا. دوای ئاگادار کردنی پۆلیس و سەرەڕای ئەوەی ماتۆرسوارەکان بە پۆلیس و هێزی ئینتزامی ناسێندران و روخساریان دیتبوون بەڵام  هیچ لێکۆڵینەوەیەکیان لە سەر شکایەتەکە نەکردووە.  

ئەم رووداوە لە گەڕەکی "فەرهەنگیان"ی بۆکان کاتژمێر ١١ لە کاتێکدا روویداوە کە ئەم کچە لەگەڵ ئاواڵ و هاتەمەنەکانی لە دەرەوە و لە بەر دەرگای ماڵی خۆیان خەریکی کایە بووە. لەو کاتەدا ٢ کەسی ماتۆرسوار بەوێدا هاتوون و هێرشیان کردووەتە سەر ئەو منداڵە و بە قەمچی لێیان داوە کە شوێنەواری قەمچییەکە بە روخسار و لەشییەوە ماوە. جێگای ئاماژەیە ئەم کچە منداڵکارە تەمەنی ٩ ساڵە و لەگەڵ باقی منداڵانی هاوڕێی لە کۆڵاندا کایە و گەمەیان کردووە.  
شایانی باسە ماوەیەکە تاقمێک ماتۆرسوار بە نێو شار و گەڕەکەکانی بۆکاندا دەگەڕێن و خەڵک ئازار و ئەزیەت دەکەن و هێزە ئینتزامییەکانیش کە دەبوو پارێزەری ئەمنییەت و ئاسایشی شارۆمەندان بن، هەر وەک لەم راپۆرتەدا دەردەکەوێ هیچ کاردانەوەیەکیان نییە. 

بەپێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە حکومەتی ئیسلامی ئێرانیش واژۆی کردووە، پاراستنی ئەمنییەت و ئاسایشی شارۆمەندان لە ئەستۆی حکومەتە. بۆ بەرچاو ڕوونی زیاتر لە خوارەوە بەندەکانی ٣، ٨ و ٢٢ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ وەک خۆی دێنین. 

بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە. 
بەندی ٨- هەر مرۆڤێک کە مافی پێشێل دەکرێ و ئەو مافانە لە یاسای بنەڕەتی وڵاتدا یان یاسای دیکە وەک مافی سەرەتایی ئینسان پەسند کراون و دانیان پێدانراوە، حەقی خۆیەتی دەستی بە دادگای نەتەوەیی و باوەڕپێکراو رابگا و هانای بۆ بەرێ و داوای پێڕاگەیشتن بە سکاڵاکەی بکا. 
بەندی ٢٢- هەر کەسێک وەک ئەندامێکی کۆمەڵگا مافی ئەمنییەتی کۆمەڵایەتی هەیە و بۆی هەیە لە رێگای هاوکارییە نەتەوەیی و نێونەتەوەییەکانەوە، ئەو مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییانەی بۆ پاراستنی ئابڕوو و کەڕامەت و گەشە کردنی ئازادیی کەسایەتی خۆی پێویستنی، بە سەرنجدان و لەبەرچاوگرتنی رێکخراوە و سەرچاوەکانی وڵات وەدەستیان بێنێ. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular