هانا: لە کۆتایی هەر مانگێکدا هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە بەشی ئامار، دەست دەکەن بە کۆکردنەوەی ئامارەکان بەپێی بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و راپۆرتێک گەلێکی لێ ئامادە دەکەن.
هەڵبەت بە هۆی نەبوونی ئازادی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کەشی زاڵی ئەمنییەتی لە کوردستان، ئەم ئامارانە هەموو بوارەکان و رووداوەکانی پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە خۆ ناگرن بەڵام هاوکارانی ئێمە لە ناوخۆی کوردستانەوە ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان داوە بۆ ناردنی راپۆرتەکان و دواتر هاوکارانی بەشی ئامار تۆماریان کردوون.
لێرەدا ئەم ئامارەی پێشکەشتان دەکرێ لە پێوەند لەگەڵ حاڵەتەکانی کوشتن و بریندار کردنی کۆڵبەرانە لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی کوردستان بە درێژایی مانگی مەی ٢٠٢١.
لەمانگی مەیدا ١٧ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و بریندار بوون کە زۆربەیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئینتزامی، سپا و هێزەکانی سەر سنووری حکومەتی ئیسلامی ئێران روویداوە. هەڵبەت هەموو قوربانییەکان بە کوژراو و بریندارەوە لە باری رەگەزییەوە هەموویان نێرینە بوون.
هەرەوها جیا کردنەوەی ئەم ١٧ کەسە بە پێی دابەشکاری پارێزگاکان بەم جۆرەیە:
• پارێزگای کرماشان ٤ کەس
• پارێزگای کوردستان ٦ کەس
• پارێزگای ورمێ ٧ کەس
لەم ژمارەیە ١٥ کەسیان بریندار بوون و ٢ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
چەند دەیە دەبێ زۆربەی لاوان و تەنانەت پیرەکان و ژنانیش لە هەر چوار پارێزگای کوردستانی ئێران بە هۆی باری خراپی ئابووری، بێکاری، هەژاری کە سەرچاوەکەی هەڵدەگەڕێتەوە بۆ هەڵاواردنی پارێزگاکانی کوردستان لە باقی ناوچەکانی ئێران لە باری ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتووری لەلایەن حکومەتەوە، بە ناچار روویان کردووەتە کۆڵبەری کە لە هیچکام لە چوارچێوەکانی کار و پیشە و کرێکاریدا ناگونجێ. ئەمە لە حاڵێکدایە ئەگەر حکومەت مەبەستی تایبەتی لەم کارەی نەبێ و بڕیاری جێبەجێ کردنی کاری خزمەتگوزاری لە بوارە جیاجیاکان بدات، دەتوانێ لە ماوەیەکی کورتدا ئەم بارودۆخە بە باری ئەرێنی و باشدا بگۆڕێ.