٢٢ شارۆمەندی کورد لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێران لە مانگی مەی ٢٠٢١دا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
ساڵێ ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی کورد لە شار و گوندەکانی کوردستانی ئێران لە هەر چوار پارێزگای کوردستان لەلایەن هێزە چەکدارەکان، هێزی ئینتزامی، ئەمنییەوە بە بیانووی جۆراوجۆر دەستبەسەر دەکرێن و بە پێچەوانەی هەموو یاسا و رێسایەکی نێونەتەوەیی لە گرتووخانەکاندا بێ بەهرەمەند بوون لە مافی پارێزەر و پێراگەیشتن بە پەڕاو و پەروەندەکانیان لە دادگایەکی بێ لایەن، بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ رایاندەگرن.
لێرەدا بە هەوڵی هاوکارانی ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئاماری ژمارەی دەستبەسەرکراوانی مانگی مەی ئەمساڵ ئامادە کراوە و بەم جۆرەی خوارەوەیە. جێگای ئاماژەیە، بە هۆی نەبوونی ئازادی هەڵسووڕانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، رەنگە ئەم ئامارە هەموو پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە خۆ نەگرێ بەڵام هاوکارانی ئێمە لە رێکخراوی هانا هەموو هەوڵی خۆیان بۆ تۆمار کردنی راپۆرتەکان داوە.
ئاماری دەستبەسەرکراوانی مانگی رابردوو بەپێی شێوەی هەڵسووڕان و تۆمەتێک کە دراوەتە پاڵیان بەم جۆرەی خوارەوەیە:
• تۆمەتی سیاسی ٨ کەس
• تۆمەتی چالاکیی مەدەنی ١٠ کەس
• تۆمەتی چالاکیی ژینگەپارێزی ١ کەس
• تۆمەتی چالاکیی کرێکاری ٣ کەس
هەروەها لەم ٢٢ کەسەی لە مانگی مەیدا دەستبەسەر کراون، ئەگەر بەپێی رەگەز جیا بکرێنەوە بەم جۆرەیە:
• ژنان ٢ کەس
• پیاوان ٢٠ کەس
ئەگەر بەپێی دابەش کردنی پارێزگاکان ئەم ٢٢ دەستبەسەرکراوە جیا بکەیەنەوە بەم جۆرەیە:
• پارێزگای ورمێ ٣ کەس
• پارێزگای کوردستان ١٤ کەس
• پارێزگای کرماشان ٣ کەس
• پاریزگای ئیلام ٢ کەس
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا